ئەمەریكا بە تۆماری ڤیدیۆیی بۆردمانەكانی مووسڵدا دەچێتەوە

:: PM:08:32:28/03/2017 ‌
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) رای دەگەیەنێت كە چاو بە 700 تۆماری هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان لە رۆژئاوای مووسڵ دەخشێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەو راپۆرتە هەواڵییانەی باس لە كەوتنەوەی ژمارەیەكی زۆری قوربانیان لە بۆردمانێكی ئاسمانی بەری راستی مووسڵ بەم دواییە دەكەن. 

كۆڵۆنێڵ جەی تی تۆماس گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی بە داعش رای گەیاند كە ئەوان گرنگی زۆر بەو راپۆرتانە دەدەن لەبارەی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 230 هاووڵاتی لە هێرشە ئاسمانییەكانی مووسڵ.

زیاتر گوتی، هاوپەیمانان بەجیا لێكۆڵینەوە لەسەر 700 گرتەی ڤیدیۆیی دەكەین كە لە ماوەی 10 رۆژی دواییدا تۆمار كراوە و ئەم ژمارەیەش یەكسانە بە ژمارەی تەقەمەنییەكان، ئەو رای گەیاند كە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەسەر هێرشە ئاسمانییەكان، ماوەی دوو تا سێ هەفتە دەخایەنێ.

تۆماس ئاماژەی كرد، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا لە مووسڵ زیاتر لە 200 هاووڵاتی كوژراون و روونی كردەوە كە رووداوەكە كردنە ئامانجی بە مەبەست نەبووە، بەڵكو كردەیەكی سەربازی بووە كە پاڵپشتیی ئاسمانی لەگەڵدا بووە لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییانەی راستەوخۆ بە هێزە شەڕكەرەكان لەسەر زەوی دەكرێت، چونكە كاتێك پێمان دەگوترێت داعش لە شوێنێك بەرگری دەكات بەشێك یان تەواوی شوێنەكە دەكەینە ئامانج.

ئەو گوتەبێژە روونی كردەوە كە لێكۆڵینەوە لەو هێرشەی شاری مووسڵ كە بووەتە هۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان دەكەین و دووپاتی كردەوە كە لەو چوارچێوەدا چاو بە زیاتر لە 700 گرتەی ڤیدیۆیی بۆردمانەكانی مووسڵ دەخشێنینەوە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لای خۆیەوە رای گەیاند كە بەهۆی بۆردمانی هاوپەیمانان لە بەری راستی مووسڵ بەم دواییە ژمارەیەكی گەورەی قوربانی لە ریزی هاووڵاتییان رووی داوە و ئەوەش ئاماژەیە كە هاووپەیمانان نەیانتوانیوە گیانی هاووڵاتییان بپارێزن سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی لە خانووەكاندا ماون و شوێنی خۆیان جێ نەهێشتووە.

لای خۆیەوە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكا رای گەیاند كە لە سەرەتای دەست پێ كردنی ئازادكردنەوەی بەری راستی شاری مووسڵ تا ئێستە 307 كەس كوژراون و 273 كەسی تریش برندارن.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل