هێزەكانی عێراق دەچنە ناو دوو گەڕەكی تری مووسڵ

:: PM:08:40:28/03/2017 ‌
سەرەڕای خراپیی كەشوهەوا و وەستانی بۆردمانەكان بەهۆی رووداوەكەی هەفتەی رابردووی مووسڵ كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان بوونە قوربانی، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق هەڵیان كوتایە سەر دوو گەڕەكی تری مووسڵ.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە مووسڵ رای گەیاند كە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق هەڵیان كوتاوەتە سەر هەردوو گەڕەكی مەغریب و یەرمووك لە رۆژئاوای مووسڵ و ئەوان هەوڵی ئازادكردنەوەیان لە داعش دەدەن.

لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ سێ سەركردەی سەربازی داعش لە بۆردمانێكی ئاسمانی هاوپەیمانان لە بەری راستی مووسڵ كوژران و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بنكەیەكی سەركردایەتی داعشیان لە گەڕەكی تەنەك لە بەری راستی مووسڵ بۆردمان كردووە.

زیاتر گوتی، لەو بۆردمانەدا هەریەك لە تیرۆریستان ئەحمەد مازن ناسراو بە "ئەبو عۆدە" كە رەگەزنامەی نەرویجی هەیە و بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی داعشە لە ویلایەتی نەینەوا و ئیبراهیم شافی ناسراو بە "ئەبو خەتاب" كە رەگەزی میسرییە بەرپرسی شەرعی ویلایەتی نەینەوایە و محەمەد عەبدورەحمان ناسراو بە "ئەبو هاشم" كە بەلجیكی بەرەگەز جەزایرییە و بەرپرسی رێكخستنەكانی بیانییە لەو ویلایەتە. 

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل