یاسای بەدەستهێنانی زانیاری ئاراستەی ئەنجوومەنی شورا دەكرێت

:: PM:09:12:28/03/2017 ‌
لە كۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی باس لە دواین هەنگاوەكانی یاسای مافی بە دەستهێنانی زانیاریی كرا و سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكات یاسای بە دەستهێنانی زانیاری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ناردراوە بۆ ئەنجوومەنی شورای هەرێم و دوای بڵاو كردنەوەی لە وەقائعی كوردستان بەفەرمی دەچێتە بواری جێ بەجێ كردن.

ئەمرۆ سێشەم لە كۆبوونەوەیەكی نێوان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەبارەت بەیاسای مافی بەدەست هێنانی زانیاری زیا بترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی، كاری زۆر كراوە و لە ئێستا رێنماییەكانیش تەواو بوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ناردراوە بۆ ئەنجوومەنی شورای هەرێم و دوای بڵاو كردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان ئەوكات بەفەرمی دەچێتە بواری جێ بەجێ كردن.

لەبارەی جێبەجێكاری یاسای بەدەستهێنانی زانیاری و ڕێگاكانی سەرۆكی دەستە ئاشكرای كرد، ئەركەكەشی لە ئەستۆی دەستەیە بەكردنەوەی خول بۆ فەرمانبەران و نوێنەری رێكخراوەكانی مەدەنی و كۆمپانیاو سەرجەم دەزگاكانی هەرێمی كوردستان.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە سەرۆكی دەستە سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، راستە بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان پێویستمان بەدەركردنی چەند یاسایەك و هەموار كردنی چەند یاسایەكی ترە تا بگونجێت لەگەڵ ئەو قۆناغ و سەردەمە بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرلەمان كۆنابَێتەوەو ناتوانێت یاسا دەربكات بۆیە ئەو كارە تەنها لای پەرلەمانەو ئێمەش وەك دەستە پرۆژە یاسامان ناردوە بۆ پەرلەمان بۆ پەسند كردن و لە چاوەروانی دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانین.

یاسای بەدەستهێنانی زانیاری یەكێكە لەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسانە بەمەبەست دەست گەیشت بە زانیاریەكانی ڕێگە پێدراو بۆ بڵاو كردنەوە كە نابێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی.


وشە - رامیار جەواد