ئارسناڵ بەرامبەر سانچێز ئاڵای سپی هەڵكرد

:: AM:09:17:29/03/2017 ‌

دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیان، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ئاڵای سپی هەڵكرد و جەختی كردەوە كە هاوینی داهاتوو ئەو هێرشبەرەی دەفرۆشێ.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی ئارسناڵ بڕیاریدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا سانچێز بخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە دوای ئەوەی نەیتوانی رازی بكات گرێبەستەكەیان لەگەڵ نوێ بكاتەوە.

یانەكە هەروەها نرخی ئەو یاریزانەشی ئاشكرا كرد و جەختی كردەوە كە بە كەمتر لە 50 ملیۆن پاوەن دەستبەرداری نابن.

كێشەی سەرەكی سانچێز و یانەی ئارسناڵ سەبارەت بە مووچەوە بوو كە یانەكە ئامادەنەبوو مووچەی هەفتانەكەی لە 130 هەزار پاوەن زیاتر بكات، لەبەرامبەریشدا هێرشبەرەكە داوای 250 هەزار پاوەنی دەكرد.

یانەی ئارسناڵ ماوەی 15 مانگ لە گرێبەستەكەی لەگەڵ سانچێز ماوە، بۆیە یانەكە ناچار دەبێت هاوینی داهاتوو بیفرۆشێت نەوەك كۆتایی وەرزەكە بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت.

ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا ماوەیەكە لەلایەن چەندان گەورە یانەی ئەوروپاوە داواكاری ئاراستە دەكرێ كە گرینگترینیان یانەكانی بایرن میونشنی ئەڵمانی، چێڵسی و مانچتسەر یونایتدی ئینگلیزی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵین.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م