بەرشەلۆنە داوای ئەو یاریزانە دەكات
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە ئاستی تۆماس لیماری یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی سەرسامە و لە ئێستاشدا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بكات.
رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بە بەرزبوونەوەی ئاستی لیمار سەرسامن و پێیانوایە باشترین یاریزانە بۆ یاریكردن لە ریزی یانەكەیاندا، چونكە شێوازی یاریكردنی لەگەڵ یانەكەیاندا نزیكە.
نرخی لیمار لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نزیكەی 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئەو یاریزانە بەر لە 2 ساڵ و لە تەمەنی 19 ساڵیدا بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 4 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی كاینی فڕەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی مۆناكۆوە كرد.
لیمار لە ماوەی 2 وەرزی یاریكردنی لەگەڵ یانەی مۆناكۆ ئاستی یاریكردنی تاڕادەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە و لەم وەرزەدا تا ئێستا 7 گۆڵی تۆمار كردووە، ئێستاش لە ریزی هەڵبژاردەی فڕەنسا یاریی دەكات.
بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە گرێبەستكردن لەگەڵ لیمار سەركەوتووتر دەبێت لە گرێبەستكردن لەگەڵ ریاز محرز و فیلیپ كۆتینیۆ، چونكە ئەو یاریزانە ئێستا لە تەمەنی 21 ساڵیدایە و جگە لەوەش نرخەكەی لە هەردوو ئەستێرەكەی خولی نایابی ئینگلیزی كەمترە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم