پەرتووكەكا خواندن و راهێنانێ ئاستێ دووێ كوردیا باكور لە سوید چاپ بوو‎‎

:: PM:09:01:11/06/2022 ‌

كتێبی "كوردی 2، پەرتووكا خواندن و راهێنانێ ئاستێ دووێ كوردیا باكور"، لە نووسینی فەهمی كاكەیی لە دووتوێی 144 لاپەڕەدا لە چاپخانەی سان لە سويد چاپ كرا.

لەبارەی كتێبەكەوە فەهمی كاكەی بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە دووەم كتێبە بۆ منداڵانی دەڤەری بادینان كە لە دەرەوەی وەڵات دەژین، بڵاو بكرێتەوە، ئەویش بە مەبەستی فێربوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایك، كە سوید گرنگییەكی زۆری دەدرێتێ و منداڵانی بێگانە دەتوانن ئارەزوومەندانە زمانی دایك بخوێنن.

زیاتر گوتی، بە هۆكاری نەبوونی كتێبی شیاو، كە هەلومەرجی دامی قوتابخانەكانی سویدی تێدا بێت، كۆمەڵێك مامۆستا و نووسەر بەشدارییان لە پڕۆژەیەك بە ناوی "پڕۆژەی دانانی كتێبی قوتابخانە لە دەرەوەی وڵات"، كرد، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 1999 یەكەم كتێبی خۆی بە چاپ گەیاند بە ناوی "رۆژ باش" لە دانانی فەهمی كاكەیی، لەوجارەوە تا ئێستە بەرهەمی ئەم پڕۆژەیە 14 كتێبی ئەلفبێ و خوێندنەوەی كوردی بە زاری كوردیی ناوەندی بۆ ئاستی جیاواز بووە.
بوار دەڕەخسێت تاكی كوردی لە منداڵییەوە تەندروست پەروەردە بكرێ و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت
روونی كردەوە، ئەم كتێبانە بە كۆی 40 هەزار دانە خراوەنەتە بەر دەستی دایباب و مامۆستایانی زمانی كوردی لە سوید و وڵاتانی تری ئەوروپا، بە مەبەستی بە كارهێنانیان لە قوتابخانە و لە ماڵەوە، بۆ ئەوەی منداڵانی رەوەندی كورد فێری خوێندن و نووسینی كوردی ببن.

كاكەیی ئەوەیشی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە لە رێی فرۆشتن و چاپكردنەوە و چاپی كتێبی نوێ خۆی دەباتە ڕێوە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە، لە كۆی ئەو 14 كتێبە، تەنیا یەك كتێب لەسەر ئەركی دامی خوێندنگەكانی سوید چاپ كراوە، بێ لەمە ئەم پڕۆژەیە لە هیچ كەس و رێكخراو و حیزبێك كۆمەكی مادی وەرنەگرتووە و وەریشی ناگرێت.

روونی كردەوە، ئێستە كە دەستمان بە چاپكردنی كتێب بە كوردیی باكور (بادینی) كردووە، لە سۆنگەی ئەوەوەیە لێرە زمانی دایك دەڵێینەوە، ئەمە هیچ پێوەندییەكی بە زمانی ستانداردی كوردییەوە نییە. زمانی دایك یانی ئەو زمانەی لە ماڵەوە قسەی پێ دەكرێت، بەم دواییە هەستمان كرد منداڵانی ناوچەی بادینان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، لە نێوان كوردیی باكور (كرمانجی)، بە پیتی كوردی/ لاتینی و كوردیی ناوەندی(سۆرانی)، بە پیتی كوردی/ ئارامی گیریان خواردووە و هیچیان زمانی دایكی ئەمان نین. هەر بۆیە بڕیارمان دا هەمان ئەو كتێبانەی بە كوردیی ناوەندی نووسیومانن، بیانكەینە كوردیی باكور(بادینی)، و بیانخەینە بەر دەستی دایباب و مامۆستایانی زمانی كوردی.

"ئەم كتێبانە تەنیا بە ئامانجی فێركردنی خوێندنەوە و نووسین ئامادە نەكراون، بەڵكو لە رێی خوێندنەوەوە منداڵان فێری داونەریتی كوردەواری، فەرهەنگی كوردی، جوگرافیای كوردستان، مێژووی كورد، ئاینە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، هەروەها گیانی یەكترقبووڵكردن و ئازادی بیر و ئازادی دەربڕین و چەندان بابەتی تر بەنرخ دەبن، كە بۆ كۆمەڵگەی ئێستەمان پێویستە، بەتایبەتی بۆ منداڵانی رەوەندی كورد لە دەرەوەی وڵات. بەم شێوەیە بواری ئەوە دەڕەخسێت تاكی كوردی هەر لە منداڵییەوە تەندروست پەروەردە بكرێت، تاكێك كە نیشتمانی خۆی خۆش بوێ و تێگەیشتنی بۆ بەها نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەكان هەبێت"، فەهمی كاكەیی وای گوت.

شایەنی باسە ئەو كتێبە لە دووتوێی 144 لاپەڕەی رەنگاوڕەنگ و لە چاپخانەی سان لە سوید چاپ كراوە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل