هازارد خۆی بڕیاری دەدات بچێتە ریال مەدرید یان نا

:: AM:10:14:29/03/2017 ‌

سەرۆكی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە تەنیا ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی خۆی دەتوانێ بڕیاری بدات بێتە یانەی شاهانە یان نا و یانەی چێڵسیی ‌وئینگلیزی بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ رێگری لێ بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هازاردی تەمەن 26 ساڵ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

رامۆن كالدیرۆنی سەرۆكی پێشووی یانەی ریال مەدرید لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: یانەی چێڵسی ناتوانێ رێگری لە رۆیشتنی هازارد بكات ئەگەر ئەو یاریزانە خۆی بیەوێ بڕوات، واتە بڕیاری یەكەم و كۆتا هەر لەدەست یاریزانەكەیە.

زیاتر گوتی: سروشتی یانەی چێڵسی ئاوایە كە بەكەمی ئەستێرەكانی دەفرۆشێ بۆیە گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد بۆ یانەی ریال مەدرید ئاسان نابێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەدەست یاریزانەكە خۆیەتی.

هازارد بۆ یەكەمجار لە هاوینی 2012 لە یانەی لیلی فڕەنسی پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە كرد و لەو ماوەیەشدا تا ئێستا 237 یاریی بۆ یانەكە لەسەرجەم پاڵەوانەتییەكاندا ئەنجامداوە و 66 گۆڵیشی تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م