ماڕادۆنا پەیوەندی راستەوخۆی بە سزاكەی میسییەوە هەبووە

:: PM:12:09:29/03/2017 ‌

رۆژنامەنووسێكی ئەرجەنتینی ئاشكرای كرد كە دییگۆ ماڕادۆنا پەیوەندی راستەوخۆی بە سەپاندنی سزاكەی لیۆنێل میسی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە هەبووە.

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) دوێنێ سێشەم چەند سەعاتێك بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەكەی نێوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پۆلیڤیا، سزای راگرتنی لە 4 یاریی ناودەوڵەتیدا بەسەر میسی سەپاند دوای ئەوەی لە یارییەكەی پێشووتردا بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی سووكایەتی بە یاریدەری ناوبژیوان كردبوو.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوێنێ سێشەم یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆلیڤیا لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی ئەمەریكای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا ئەنجامدا و تێیدا بەبێ ئامادەبوونی میسی بە ئەنجامی 2 گۆڵی بێ بەرامبەر دۆڕا.

جۆنزا ستۆپینینگۆی رۆژنامەنووسی ناوداری ئەرجەنتینی ئاشكرای كرد كە ماڕادۆنای ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی وڵاتەكەی رەزامەندی بۆ لیژنەی سزاكان لە فیفا دەربڕیوە سەبارەت بە سەپاندنی سزاكەی میسی.

ماڕادۆنا بەم دواییە لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتییەوە پۆستی نوێنەرایەتی یەكەتییەكەی پێدرا و ئێستاش وەك نوێنەری فیفا لە پارزەوینی ئەمەریكای باشوور كار دەكات.

ستۆپینینگۆی رۆژنامەنووس ئاشكرای كرد كە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی فیفا قسەی كردووە و ئەوان پێیان گوتووە كە ماڕادۆنا رەزامەندی لەسەر دەركردنی بڕیاری سزادانی میسی دەربڕیوە.

میسی جگە لەوەی لە یاریییەكەی دوێنێ بەرامبەر پۆلیڤیا بەشدار نەبوو، هەروەها لە 3 یاری تری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئۆرگوای و ڤەنزوێلا و پیرۆ یاریی ناكات، واتە لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا تەنیا لە یەك یارییدا یاریی دەكات ئەویش بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیكوادۆرە.

لای خۆشییەوە خۆرخێ میادۆسكۆی سكرتێری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بۆ دەزگاكانی راگەیاند ئاماژەی بەوەدابوو كە بەبڕیارەكەی فیفا تووشی شۆك بوونە و پێی رازی نین و تانەشی لێدەدەن بۆ ئەوەی سزاكەی سەر میسی سووك بكەن.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای ئەنجامدانی 14 یاری، ئێستا بەكۆكردنەوەی 22 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی هەڵبژاردەكانی ئەمەریكای باشوور دێت بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا، لەو پارزەوینەشدا 4 هەڵبژاردەی ریزبەندی یەكەم راستەوخۆ سەردەكەوتن بۆ مۆندیال و هەڵبژاردەی پێنجەمیش یارییەكانی پاشكۆ ئەنجام دەدات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م