ئێسته ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی گه‌شت یان نه‌خۆشی روو له ئێران ده‌كه‌ن، پێشبینی ده‌كرێ بۆ جه‌ژنی قوربان ئه‌و رێژه‌یه روو له زیادبوون بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێسته پرسیار بوو لای هاووڵاتییان، ئایا پشكنینی كۆرۆنا پێویسته یا نا؟.
ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران، له‌باره‌ی كارتی ڤاكسین و ڤیزا كارت، رێنوێنی ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ن.
سه‌ردانی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران نه‌كه‌ن
ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كات، به‌پیێ رێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران، ته‌نیا به پێدانی كارتی ڤاكسینی دژه كۆرۆنا "ڤیزا كارت" كه پشتڕاستی ده‌كاته‌وه، ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ردان ده‌كات دوو ژه‌م ڤاكسینی وه‌رگرتووه، له كاتی نه‌بوونی ڤیزا كارت، پشت به ئه‌نجامی پشكنینی (PCR ی نه‌رێنی (نێگه‌تیف) له ماوه‌ی 72 سه‌عاتدا ده‌به‌سترێ.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كراوه كه گه‌شتیاران به‌بێ یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له سه‌ره‌وه باس كراون، سه‌ردانی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هیچ كێشه و گرفتێكی گه‌ڕانه‌وه نه‌بن.
له ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندان جار ئه‌و رێنوێنییه گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام ئێسته له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا له ده‌روازه‌كه پشكنین ده‌كرێت و له‌كاتی چوونیش ده‌بێت له سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا بكرێ.