لە باکوری ئێران 120 گەشتیار بە تۆمەتی بەدڕەوشتی گیران

:: PM:04:50:19/06/2022 ‌
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە سەرووی 120 گەشتیار لە باکوری وڵاتەکە، بە تۆمەتی بەدڕەوشتی و  بەزاندنی بەهاکانی ئەو وڵاتە و پێشێلکردنی یاسا و رێساکان گیراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

محەمەد سادق ئەکبەری، سەرۆکی دەزگای دادی مازەندەران رای گەیاند ئەوانەی گیراون هی یەک گرووپی گەشتیاری بوون و لە دارستانی ''پێی رەجێ'' تۆمەتی بەدڕەوشتییان خراوەتە پاڵ.

بەرپرسەکەی دەزگای داد، گوتوویەتی ئەوانە جگە لەوەی کە خواردنەوە کحوولییەکانیان خواردۆتەوە لە هەمان کاتدا رەچاوی حجابیان نەکردووە و کچ و کوڕ تێکەڵاوی یەکتر بوونە و شەو بە سەما و خۆشی بردوویانەتە سەر.

سزای قورسیان بۆ دیاری کراوە.


بەگوێرەی رادیۆ فەردا،  هەر یەک لەو تۆمەتانەی خراونەتە روو ئەگەر بسەلمێنرێن ئەوا بە پێی یاساکانی ئێران سزای قورسیان بۆ دیاری کراوە.

پرسی دەست بەسەرداگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان و گرتنی گەشتیاران و خەڵک لە کاتی سەما و دەربڕینی شادی و خۆشی لە ئێران شتێکی نوێ نییە و ساڵانە چەندان حاڵەتی هاوشێوە تۆمار دەکرێن.

هەر هەفتەی رابردوو لە دوو دورگەی ئێران چەند گەشتیارێک بە هۆی پێشێلکردنی یاسا و رێساکان گیران و شوێنە گەشتیارییەکانیش داخران.



وشە - سلێمان تاشان