عێراق لە داخرانی سیاسییەوە بەرەو داخرانی سەدری

:: PM:05:20:19/06/2022 ‌

موقتەدا سەدر بە هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ تویت دەكات و تویتەكانیشی لەلایەن هەمووانەوە چاودێری دەكرێت، لە ماوەی چەند مانگی رابردووی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بە بەردەوام تویتی لە هەموو بوارەكاندا كردووە، لەوانەیش ئاوڵەی مەیموونی بە ئاوڵەی هاوڕەگەزبازان وەسف كرد، هێرشی كردە سەر ئەمەریكا بە تەشەنەكردنی هاوڕەگەزبازی تۆمەتباری كرد، ئەو راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئامانجێكی بۆ بزاوە نوێ چاكسازییەكەی دیاری كردووە، كە حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی و داماڵینی چەكی میلیشیاكان و چاكسازی و گرتنی گەندەڵكارانە، ئەوەیش واتە ئەپدێتكردنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، كە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تایفی و دابەشكاریی پۆست و ئابووری وڵات لە نێوان میلیشیا و هێزە سیاسییەكان دوور لە هەڵبژاردن بنیات نراوە.

لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە، راستەوخۆ لە دوای كۆتاهاتنی وادە مانگییەكەی سەدر بۆ نەیارانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، بەوەی ئەگەر دەتوانن حكوومەت دوور لە رەوتەكەی پێك بێنن، بەڵام وەك بڵێی دوای هەشت مانگ پرۆسەی سیاسی لە عێراق هەر لە یەكەم خانەدا وەستاوە، ئەوەیشی بووە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، هەر بە ویستی سەدر بووە بە مەبەستی دەرخستنی باڵادەستیی رەوتەكەی و پێشاندانی نەخشەی نوێی سیاسی لە دوای هەڵبژاردن و سەنگی هەر هێزێك، جیا لە پەیامەكەی بۆ تەواوی شیعەی سەر بە ئێران كە ئێوە ئەوەندەن و ئەوەی رۆیشت رۆیشت، لەپاڵ تێپەڕاندنی چەند پێشنیازە یاسایەك كە خۆی ویستی، بۆیە دوایین بڕیاری سەدر بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتاراكانی و كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی وەك بۆمبێكی ترە و ئاراستەی هەمووانی كرد، بە كورتی عێراقی لە داخرانی سیاسییەوە بەرەو داخرانی سەدری برد.  

دوای كشانەوەی سەدر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەنیازە لە بە سێ ئاراستەدا جموجۆڵ بكات، بە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و دیاریكردنی وادەی دانیشتنی سوێندخواردنیان، لەلایەكی تر بە ئاراستەی پارتی و سیادە، بۆ رازیكردنیان بە هاتنە ناو حكوومەتەكەیان، سێیەمیش بە ئاراستەی رەوتی سەدر، كە ئەوە زەحمەتترینیانە و رێخۆشكەر یان رێبەستی دوو جموجۆڵەكەی تریان دەكات، بە كورتی ئەگەر سەدر گڵۆپی سەوزی بۆ پێكردن، داخرانە سیاسییەكە دەبێتەوە.
تا ئێستەیش تاكە مەرجی سەدر بۆ گەڕانەوە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانییە
بۆ دیاریكردنی هەنگاوی داهاتوویان لە دوای كشانەوەی سەدر، بڕیارە هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە، كۆبوونەوەیەك لە هەولێر ساز بكەن و هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، ئەوان تەنیا ئەوەندە دەڵێن كە ئەگەر بچنە ناو حكوومەت دوور لە سەدر مەرجیان هەیە، ئەگەر نەگەیشتن بە رێككەوتنیش وەك سێیەكی پەكخەر لەناو پەرلەمان كار دەكەن، بەپێی قسەی ئەندامانی پارتی و سیادە كۆبوونەوەكە بەمنزیكانەیە، بەڵام پێ ناچێت ئەو وادەیە نزیك بێت ، ئەگەر كۆبوونەوەكەیش بكرێت بڕیارەكان شتی نوێیان تیادا نابێت، واتە سەدر كاری ئەوانیشی وەستاندووە، چونكە ئەو دەرگەی خۆی بەرووی تەواوی دۆست و نەیارانی داخستووە، تەنانەت عەمار حەكیمی دۆستی دێرینی، ئەوەیش لە هەوڵی پاشگەزكردنەوەی شكستی هێناوە.  

سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، دواكەوتنی راگەیاندنی پارتی و سیادە بۆ هەڵوێستی كۆتاییدان بۆ قۆناغی دوای كشانەوەی سەدر، بەهۆی چاوەڕوانیكردنی ئەنجامی هەوڵەكانە بۆ رازیكردنی سەدر بۆ پاشگەزبوونەوە، كە لێرە و لەوێ زانیاری دزەپێكراو هەیە بەوەی ئەو یەك مەرجی بۆ گەڕانەوە هەیە، ئەویش پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانییە دوور لە هەندێك لایەنی ناو چوارچێوە، بێ ئەوە ناگەڕێتەوە.  

لەو ناوەدا وەفا محەمەد، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بەمنزیكانە هەڵوێستی پارتی و هاوپەیمانی سیادە لەبارەی قۆناغی داهاتوو لە كۆبوونەوەیەك لە هەولێر یەكلا دەبێتەوە، هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەكەیش تا ئێستە بەهۆی ئامادەنەبوونی هەردوولا بووە، كە وای كردووە وادەیەكی فەرمی بۆ كۆبوونەوەكە دیاری نەكرێت.

روونی كردەوە، هەموو بژارەكانی بۆ قۆناغی داهاتوو لەئارادایە، هەروەها ئەنجامی كۆبوونەوەكەی هەولێر زۆر شت روون دەكاتەوە، لەبارەی هەڵوێستیان لە دوای بڕیارەكەی سەدر و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

ئەحمەد مووسەوی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، چوارچێوە چەند لیژنەیەكی دانوستانكاری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان پێك هێناوە، ئەوەیش بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو گفتوگۆكان دەست پێ دەكەن و هیچ لایەنێكیش كە سەنگ و قورسایی سیاسی و پەرلەمانی هەیە فەرامۆش ناكرێت، پارتی و سیادە پەیامی ئەرێنیان رەوانە كردووە، بەڵام بەفەرمی تا ئێستە هیچیان دووپات نەكردووەتەوە، كە پێ دەچێت هەمووان لە چاوەڕوانی تویتێكی تری سەدردا بن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل