محەمەد ئەحمەد ئەربیلی كۆچی دوایی كرد

:: AM:11:10:20/06/2022 ‌
هونەرمەندی ناسراوی كوردستان محەمەد ئەحمەد ئەربیلی كۆچی دوایی كرد، ئەوەیش دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی حوزەیران، هونەرمەندی ناسراوی كوردستان محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە هەولێر دوای مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانەی كۆچی دوایی كرد.

محەمەد ئەربیلی ناوی تەواوی محەمەد ئەحمەد شێخ فەتحییە، مەقامبێژ و دەنگبێژێكی كوردستانە. لە یەكی تەمووزی 1933 لە گەڕەكی سەعدووناوەی شاری هەولێر لە دایك بووە، لە ساڵی 1944 دەچێتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تا ساڵی 1949 لە خوێندن بەردەوام دەبێت، دواتر بەهۆی خراپی بژێوی ژیانیان ناچار دەبێت دەست لە خوێندن هەڵبگرێت.

لەگەڵ هونەرمەند مشكۆ دەبن بەهاوڕێ و چەندان ئاهەنگ و بۆنە لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و سلێمانی ئەنجام دەدەن.
ئەربیلی بەهۆی دەنگە خۆشەكەیەوە دەبێتە جێی سەرنجی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەكەی، لە منداڵییەوە بەشداری لە چالاكییە موزیكەكانی قوتابخانە دەكات كە ڕۆژانە دەستپێكی خوێندن بەسروودە نیشتمانییەكانی هونەرمەند دەستی پێ دەكرد، هەریەك لە سروودە نیشتمانییە بەناوبانگەكانی نەورۆز و ئەی دلێران و لاوانی كورد، لەلایەن هونەرمەندەوە ئاوازی بۆ دانراوە.

لە ساڵی 1956 كاتێك مەلیك فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی هەولێر دەكات، لە دیوەخانی مەلا فەندی، چەندان مەقام و گۆرانی فۆلكلۆر پێشكەش بە پاشا دەكات وەك ئاهەنگی پێشوازی كە دەبێتە جێی سەرنجی پاشا و میوانانی دیوەخان.

ئەربیلی لە ساڵی 1953 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دادەمەزرێت وەك شوفێر، بەدەم كارەكەیەوە گۆرانیی "یەڵا شوفێر" دادەنێت و دواتر لە 1959 دەچێت لە ڕادیۆی بەغدا تۆماری دەكات.

لە ساڵی 1973 بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج ڕوو دەكاتە سعوودیە و بەمە دەبێتە حاجی محەمەد ئەربیلی، لەگەڵ هونەرمەند مشكۆ دەبن بەهاوڕێ و چەندان ئاهەنگ و بۆنە لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و سلێمانی ئەنجام دەدەن.

هونەرمەند لە مەقامەكانی نەهاوەند و سەبا و كورد و بەیات توانایەكی سەرسورهێنەری هەیە، بۆیە لە زۆرینەی ئاهەنگ و بۆنەكان بانگهێشت دەكرا، بەتایبەت دوای ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 دەرگای زۆرتر و ئازادیی پتری بەڕوودا دەكرێتەوە، بەجۆرێك دەتوانێت چەندان گەشت بۆ توركیا ئەنجام بدات و هەوادارانی لە توركیا بەسەر بكاتەوە، بەهۆی ئەوەی مەقام و بەستەی زۆری بە زمانی توركمانی تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.



وشە - رامیار جەواد