تاڵیبانی جووەكان كێن و پێوەندیان بە تارانەوە چییە؟

:: PM:10:08:20/06/2022 ‌

لە كۆتایی 2021 هەواڵێكی سەیر لە میدیاكان بڵاو بووەوە، لە هەرێمی كوردستان گرووپێكی 72 كەسی لە جووە توندڕۆكانی تایفەی "حرێدیم"، گیران، ئەوان ناوی خۆیان ناوە "لیف تاهوور"، واتە دڵی پاك، لە چەندان وڵاتی دنیا گەیشتبوونە ئەوێ و بەنیاز بوون بچن بۆ ئێران و لەوێ داوای مافی پەناخوازی بكەن، چونكە حكوومەتی ئیسرائیل ستەمیان لێ دەكا و دەیانچەوسێنێتەوە، وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن. 

ئەوكات بەرەو توركیا گەڕێندرانەوە و لەوێوە چوون بۆ رۆمانیا، ژمارەی ئەو تایفەیە 300 كەسە و هەندێك لە حكوومەتی دنیا راوەدوویان دەنێن، تایفەكە لە 1988 لە قودس لەسەر دەستی حاخام شلۆمۆ هیلبرانس دامەزراوە، ریشەی ئەوان تایفەی حرێدیمی جووە ئەرسەزۆكسە توندڕۆكانن.
بۆ هەر جێگایەك بچن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەدوایانەوەیە
جیابوونەوەی ئەو تایفەیە بەوەدایە ئەو حاخامە بۆچوونی خۆی لەبارەی ئاینەكەیان داناوە و پێی وایە جووەكان دەستسووكیان لە جێبەجێكردنی شەریعەتی ئاینەكەیان كردووە، داوای لە ژنان كرد باڵاپۆشی و نیقاب بكەن، بۆیە ناویان نراوە تاڵیبانی جووەكان، زۆرینەی ئەندامانی لەو كەسە عەلمانیانەن كە بوونەتە توندڕۆ، ئەوان خۆراكیان لە ماڵەوە دروست دەكەن و مریشك و هیلكە ناخۆن، چونكە دەستكاری بۆماوەیی كراوە و وەك ئەوە نییە كە خوا دروستی كردووە.

ئەوان تەنیا ئەو گۆشتە دەخۆن كە ئاژەڵەكە لەژێر چاودێری پیاوانی ئاینیان كوژرابێتەوە، توێكڵی سەوزەكان و برنجیش ناخۆن، لە ترسی میكرۆب، نوێژیان درێژتر و دەنگبەرزترە لەوەی تایفەكانیتری جوو و رەنگە نوێژێكیان بۆ چەند سەعاتێك درێژ بكێشێت.

لە 1990 هیلبرانس و ژمارەیەك لە دواكەوتووانی چوونە نیویۆرك لە ئەمەریكا، لەوێ قوتابخانەیەكی بچووكی ئاینی دامەزراند، ئەو كاتی ئیسرائیل رای گەیاند كە هۆكاری رۆیشتنی ئەو حاخامە لە ئیسرائیل بەهۆی پێوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوە ئیسلامییەكانی نەیار بۆ ئیسرائیل بووە، بەڵام دوای چوار ساڵ بە تۆمەتی رفاندنی مێردمنداڵێك كە لە قوتابخانەكەی دەیخوێند گیرا، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەمەریكا زیندانی كرا، دوای ئازادبوونی لەلایەن جووە توندڕۆكانەوە گوشاری خرایە سەر و لە 2000 بەرەو كەنەدا رۆیشت، لەوێ لەگەڵ دووكەوتووانی مافی پەناخوازی وەرگرت، ئەو بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە ستەمی لێ دەكرێت و بەهۆی رێنوێنییەكانی راوەدوو نراوە.    

لە كەندەدا تایفەكە كۆمەڵگەیەكی بۆ خۆی دامەزراند، بەڵام زۆری نەخایاند هەندێك لە لایەنگرانی جیابوونەوە و دەسەڵاتدارانی كەنەدا لە 2013 بە تۆمەتی هاوسەرگیریكردن منداڵ، ژمارەیەك لە منداڵەكانی ئەو گرووپەی دا بە خانەی چاودێری حكوومەت، بۆیە لەوێش جێیان لەق بووە راوەدوو نران، ئەوان جارێكی تر كۆچیان كرد، ئەوجارە بەرەو گواتیمالا، لەوێ لەناو كۆمەڵگەیەكی داخراو ژیان.

هیلبرانس لە ساڵی 1917 مرد، سەرانی ئەو تایفەیە توندڕۆتر بوون، ئەندامێكی تایفەكە دەڵێت، ژنێك هەبوو هەستیاری بە تۆوی كونجی هەبوو، حاخامەكە ویستی تاقی بكاتەوە و پێی گوت كە بیخوات، بەڵام گوتی كە دەمرێت، هەر فەرمانی پێ كرد بیخوات، بۆیە دوای دوو سعات مرد، سەرەتا گوتیان زیندوو دەبێتەوە، بەڵام كە زیندوو نەبووەوە، حاخامەكە گوتی ئەو ئیماندار نەبووە بۆیە مردووە. 

دوای ئەو هەموو رووداو و راوەدوونانە لەلایەن چەند وڵاتێكی دنیا بۆ ئەو تایفەیە بە تۆمەتی سوودەرگرتن لە منداڵ، لە 2018، سەرانی ئەو تایفەیە داوای مافی پەناخوازیان لە ئێران كرد، لە هەندێك بەڵگەنامەی ئەندامانی پێشووی ئەو گرووپە كە لە 2019 پێشكەیشی دادگای فیدراڵی ئەمەریكایان كردبوو، دەركەوت سەرانی تایفەكە بەڵێنی لایەنگریی و گوێڕایەڵیان بۆ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران داوە.

لەگەڵ ئەوەی نەزانراوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران پێشوازیان لەو گرووپە دەكرد كە دەیانویست لە 2021 لە رێگەی هەرێمەوە بگەن بە ئەوێ، بەڵام ئەوان هەوڵیان دا و گەیشتنە هەولێر، بۆیە دوای سەرنەكەوتنی هەوڵەكەیان بەرەو ئیستەنبووڵ رۆیشتن و لە عێراق و توركیایش دوور خرانەوە، بە گشتی رووداوەكە نیگەرانی لە ئیسرائیل دروست كرد، كە ئاخۆ چارەنووسیان چی دەبێت یان ئەگەری هەیە ببنە كارت بە دەستی حكوومەتی ئێرانەوە.

ئێستە ئەندامانی ئەو تایفیەیە لە چەند وڵاتێكدا هەن، لەوانە مەكدۆنیا و گواتیمالا و رۆمانیا و كەنەدا و ئەمەریكا، هەندێكیشیان لە بۆسنە دەژیان، بەڵام لە 2022 دەركران، بۆیە تا ئێستە ئەو تایفەیە بێ وڵاتێكن لەخۆیان بگرێت، ئەوان دەڵێن بۆ هەر جێگایەك بچن، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەدوایانەوەیە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل