بەهۆی ئەو دۆخەی لە ئاكامی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا دروست بووە، كاریگەری لەسەر ئاردی بازرگانی كردووە و نرخەكەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئاشەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات كە داواكارییان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاشەكانی ناوخۆ ئاردی بازرگانی بخەنە بازاڕەوە، ئەوەیش كاریگەری لەسەر نرخ دەبێت.
نەسرین محەمەد، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئاشەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و لە پێناو ئەوەی زۆرترین ئاردی بازرگانی بچێتە بازاڕەوە و كاریگەری لەسەر نرخ دروست بكات، هەوڵێكمان دەست پێ كردووە تا ئاشەكانی ناوخۆ، ئەوانەی گەنم بۆ بەشە خۆراك بەرهەم دێنن، ئاردی بازرگانی بخەنە بازاڕەوە.
ئاشەكانی گەنم بۆ بەشە خۆراك بەرهەم دێنن، ئاردی بازرگانیش بخەنە بازاڕەوە
روونی كردەوە، ئاشەكان گەنم بكڕن و بیكەن بە ئاردی بازرگانی بیخەنە بازاڕەوە، ئەم شێوازە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و نرخی ئارد دەبێت، ئەوكات ئاردێكی زیاتر دەچێتە بازاڕەوە، بەو شێوەیە گرفت دروست نابێت و نرخیش بەرز نابێتەوە.
"بە وردی كارمان لەسەر بابەتەكە كردووە و نووسراومان بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق بەرز كردووەتەوە، ئەو ئاشانەی كە خۆیان حەزیان بەو كارە هەیە گەنم بكڕن و بیكەنە ئاردی بازرگانی و بیخەنە بازاڕەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە كاریان لەسەر ئەوە كردووە و لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانیش قسەمان كردووە، ئەمە چارەسەرێكی زۆر باش و گونجاو دەبێت بۆ ئەو دۆخەی كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد دروست بووە"، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئاشەكانی هەرێمی كوردستان وای گوت.
دووپاتی كردەوە، رەزامەندی سەرەتایی دراوە، بەڵام كۆمەڵێك مەرج و رێنوێنی هەیە، ئەو ئاشانەی ئەو مەرجانەی تیادایە بۆیان دەكەن، ئێمەیش ئێستە ناوی دوو ئاشمان ناردووە كە مەرجەكانیان تێدایە و چاوەڕێی رەزامەندی كۆتایی دەكەین، بۆ ئەوەی دەست بە هاوردەكردنی گەنم بكەن و ئاردی بازرگانی بخەنە بازاڕەوە.
ئێستە نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕەكاندا لە سەرووی 45 هەزار دینارەوەیە، ئاردی بەشە خۆراكیش نرخەكەی بەرز بووەتەوە بۆ سەرووی 30 هەزار دینار، ئەو نرخەیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستە بەهۆی ئەوەی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان نەمابوو، لە شارەكانی عێراقەوە هاوردە دەكرا و بەغدا گەنمی نەدەنارد، تا ئێستەیش بەشە ئاردی یەك مانگی ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتییانی هەرێم دابەش كراوە، لە كاتێدا هاووڵاتییانی شارەكانی عێراق بەشە ئاردی مانگی سێیان وەرگرتووە.
پێوەست بەو بابەتەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕەكان بە بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرز بووەتەوە، بۆ هەر تۆنێك بڕێك پارە چووەتە سەری و بۆ هەر فەردەیەك ئاردیش كە 50 كیلۆیە، چەند هەزار دینارێك گران بووە، ئەم گرانبوونەیش كاریگەری لەسەر بازاڕ و كاری نانەوا و فڕنەكان دروست كردووە.
هەروەها گوتی، ئێستە نرخی فەردەیەك ئاردی توركی لە بازاڕ 48 هەزار دینارە، ئاردی رووسیش بە 43 هەزار دینارە، ئەم نرخە چەند رۆژێك پێش ئێستە بەو شێوەیە نەبوو، بۆیە ئەگەر رەزامەند بدرێت ئاشەكانی ناوخۆ ئارد بەرهەم بێنن و بیخەنە بازاڕەوە، چارەسەرێكی باشە بۆ ئەوەی نرخ لە بازاڕ بوەستێت و زۆر گران نەبێت.
لای خۆیەوە شاهۆ ئەحمەد، خاوەنی نانەوا لە شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئاردەی ئێستە لە بازاڕدا هەیە، هاوردەیە و بازرگانییە، چونكە بەشی زۆری ئەو ئاردە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، بۆیە نرخەكەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و هەفتە هەیە هەزار دینار و زیاتر دەچێتە سەری، ئەمە گرفت بۆ هاووڵاتییان و نانەوا و فڕنەكانیش دروست دەكات، چونكە چەند نرخ گرانبێت زیاتر لەسەر ئێمە دەكەوێت.
باسی لەوەیش كرد، ئەگەر ئاشەكانی ناوخۆ بتوانن ئاردی بازرگانی لە جۆری باش كە گونجاوبێت بۆ نانەوا و فڕنەكان بخەنە بازاڕەوە، ئەمە چارەسەرێكی زۆر گونجاو دەبێت و جڵەوی بازاڕ رادەگرێت، ئەوكات ئەو ئاردە ئەوە رادەگرێت نرخ بەرز بێتەوە و بەردەوام گران بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی