چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەكرێت

:: PM:09:47:22/06/2022 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و كەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی خەرج كردووە، ئێستەیش ژمارەیەك پڕۆژە لە سنوورەكە لە تەوابووندان، ئەوەیش گرنگیدانە بە هاووڵاتی و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە بە تەواوی ناوچەكانی ئەو دەڤەرە. 

زەردەشت رەفیق، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دەست بە چاككردنی رێگە و شەقامەكانی ناو شاری سلێمانی بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە كراوە، ئێمە بە دوو تیم كار دەكەین، چاككردن و قیركردن، ئێستە لە شەقامی 60 مەترین و قیری چەند ناوچەیەك دەكرێت، بودجەكەیش زیاتر لە 300 ملیۆن دینارە، روونی كردەوە، بەردەوام بەپێی دەرخستنەكان كار دەكەین و بودجەكەیشیان جیاوازە، شەقامێكی گەڕەكی قڕگەیش قیر دەكرێت و بودجەی لەسەر داهاتی شارەوانییە.
لە چەند رۆژی داهاتوو پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوە لە شاری سلێمانی تەواو دەكرێت
هاوكات چەند پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆ لە سنووری شاری سلێمانی لە دروستكردندان و حكوومەتی هەرێم بودجەی بۆ تەرخان كردوون، كە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە زیاتر لە 500 ملیۆن دیناریان بۆ دابین كراوە.

 لای خۆیەوە ئەردەلان محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە چوار پڕۆژەی كارەبا لە سنووری شارۆكەی چەمچەماڵ لەكاردان، ئەویش راكێشانی كارەبا بۆ چوار گوندی دوورەدەستی سنوورەكە، كە بڕی بودجەكەیان زیاتر لە 400 ملیۆن دینارە، لەگەڵ ئەو وێستگەیە كە بودجەكە نزیكەی دوو ملیار دینارە.

پێوەست بەو بابەتەوە فارووق محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای چوارتا بە "وشە"ی راگەیاند، چوار پڕۆژەی راكێشانی كارەبا بۆ ناوچەی زەلانی شارباژێڕ لە جێبەجێكردندان و بودەجەكەیان زیاتر لە 200 ملیۆن دینارە، چەند گوندێكی تریش هەیە كار كراوە بۆ ئەوەی كارەبایان بۆ رابكێشرێت و بودجەیان بۆ تەرخان بكرێت.

هەروەها بۆ زیاتر گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ئەو دەڤەرە، لە ماوەی رابردوو بە چەند گوژمەیەك بڕی زیاتر لە 400 ملیۆن دینار بۆ چەند پڕۆژەیەك ئاوەڕۆ گەڕەك و كۆڵانەكانی سلێمانی تەرخان كرا، جیا لە تەرخانكردنی بڕی نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ كەرتی تەندروستی شارەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆلێرا.

ئەوە جگە لەوەی لە چەند رۆژی داهاتوو پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوە لە شاری سلێمانی تەواو دەكرێت، كە بەوهۆیەوە كێشەی ئاوی خواردنەوەی بەشێك لە هاووڵاتییان چارەسەر دەكرێت و بودجەكەیشی سەرو سێ ملیۆن دۆلارە، بودجەی تایبەتیش بۆ چاككردن بۆری و هێڵەكانی ئاو و پڕۆژەی عەمبارەكانی ئاو و چاككردنەوەیان تەرخان كراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل