بڕیارە سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر ساز بكات، تا ئێستەیش كێشەی تەواوبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران هەیە، چونكە دیار نییە چەند فراكسۆن و پەرلەمانتار ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبن، بەڵام هەڵوێستی پارتی چییە؟
هەڵوێستی فەرمی لە چەند سەعاتی داهاتوو دیاری دەكرێت
ئەگەرچی تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بە بەشداریكردن یان نەكردن دیاری نەكردووە، بەڵام ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات كە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی ئامادەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق ببن، گوتی، هەڵوێستی ئێمە لە ئامادەبوونی دانیشتنەكە نزیكترە، چونكە بەشێكین لە پرۆسەی سیاسی و ئامادەبوونمان بەڵگەیە لەسەر بوونی خواستی بەشداریكردنێكی كارا لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئاماژەی كرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرێگەوەیە بۆ پێدانی مافەكانی هەرێمی كوردستان بە پارتی، ئەوەیش دیارترین مەرجەكانی ئێمەیە بۆ چوونە ناو پرۆسەی سیاسی، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر پرۆسەی شوێنگرتنەوەكە لە دانیشتنی سبەی بەڕێوە چوو، مانای ئەوە نییە لەگەڵ چوارچێوەدا چووینەتە ناو هاوپەیمانیەتی، ئەوەی هەیە ئاماژەی ئەرێنیمان لە سەرانی چوارچێوە لەبارەی وەرگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و گەلی كورد بەدەست گەیشتووە.
لای خۆیەوە مەهدی عەبدولكەریم ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، تا ئەو ساتەیش پارتی لە نێوان ئامادەبوون و نەبوون لە دانیشتنی نائاسایی سبەی پەرلەمانی عێراق، خۆی یەكلا نەكردووەتەوە، روونی كردەوە، ئەو بابەتە لە تاوتوێكردنە و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی چاوەڕوانی بڕیاری سەركردایەتی حزب دەكەن، بۆ بەشداریكردن یان نەكردن، ئەوەیش لە چەند سەعاتی داهاتوو دیاری دەكرێت.
بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە ئەندامانی فراكسیۆنی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە، بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەكانی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر بكەن.