دیداری منداڵ بۆ تەندروستی و ژیان بەڕێوە دەچێت

:: AM:09:14:23/06/2022 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر دیداری منداڵان بۆ تەندروستی و ژیان بەڕێوە بچێت، پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵانیش كە بیرۆكەكەی داناوە دەڵێت، سوودی ئەو دیدارە هەموو ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی حوزەیران، محەمەد حەسەن خاوەن بیرۆكەی دیداری منداڵ بۆ تەندروستی و ژیان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دیداری منداڵ بۆ تەندروستی و ژیان بۆ یەكەم جار لە كوردستان لە ساڵی 2021 بە هەولێر بەڕێوە چوو، ئەمەیش بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە منداڵ و بەرەوپێشبردنی هەموولایەنەكانی ژیانی منداڵ.

هەر قۆناغە و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە بایەخی تەواوی پێ بدرێت.
زیاتر گوتی، ئەو دیدارە هەموو ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە، كە بە سەر چەند قۆناغێك دابەش دەبێت، هەر قۆناغە و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە بایەخی تەواوی پێ بدرێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵ هە موو منداڵێك مافی ژیانی هەیە، پێویستە ڕێز لە مافەكانی منداڵان بگیرێت بێ هیچ جیاوازییەك و هەموو ئامراز و میكانیزمێكی گونجاو بگیرێتەبەر بۆ گرەنتی پاراستن و جێبەجیكردنی مافەكانی منداڵان، هەموو منداڵیك مافی ئەوەی هەیە بیروڕای خۆی لە بارەی هەموو ئەو بابەتانەی پێوەندی بەمنداڵەوە هەیە دەرببڕێت.

روونی كردەوە،  ئامانجیان لەو دیدارە ناساندن و پیشاندانی منداڵ وەك چینێكی گرنگی ناو كۆمەڵگە كە دواڕۆژی وڵاتی لەسەر بەندە، بۆیە هەوڵدان بۆ باسكردن و خستنەرووی لایەنەكانی ژیانی منداڵ و دیاری كردنی كێشە و گرفتەكان، دروستكردنی پێوەندی بەهێز لە نێوان لایەنی تەندروستی و پەروەردە بۆ ئەوەی لەم دوو لایەنەوە زۆرترین سوود بە تەندروستی و پەروەردەی منداڵ بگەیەنرێت.

فەیسەڵ شێخانی




وشە - رامیار جەواد