هەرێمی كوردستان داوای هاوكاری تەندروستی دەكات

:: PM:06:26:29/03/2017 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ نوێنەری 30 وڵات داوای هاوكاری تەندروستی دەكات و ئاشكرای دەكەن ئیتر بەو شێوەیە ناتوانن بەردەوام بن و ئەو بارە قوڕسە هەڵبگرن بۆیە پێویستیان بە یارمەتیە.

ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری 30 وڵات لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، دكتۆر خالس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەو نوێنەرانەمان ڕاگەیاند جگە لەو یارمەتیانەی پێشكەشمانی دەكەن پێویستمان بە یارمەتی زیاتر هەیە.

لای خۆیەوە ڕێكەوت حمە ڕەشید وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی گوتی، لەڕەوشی تەندروستی ئیستا و كێشەكانی دەرمان نوێنەرایەتی وڵاتان  و جیهانمان ئاگادار كردەوە كە چیتر بەتەنیا ناتوانین ئەو بارە قورسە هەڵبگرین و پێوستمان بە یارمەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بە تایبەتی دوای كەمكردنەوەی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە.

لەسەرەتای مانگی ئادار هەفتەنامەی "وشە" ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان ببڕێت و چیتر دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت.


وشە - رامیار جەواد