نرخی بەنزین دابەزی

:: AM:10:12:24/06/2022 ‌
دوای دابەشكردنی بەنزینی حكوومی لە هەرێمی كوردستان بە 800 دینار، ئێستە نرخی بەنزینی بازرگانی دابەزیووە، خاوەن بەنزینخانەیەكیش دەڵێت پێشبینی زیاتری دابەزینی نرخەكە دەكرێ‌.

ماوەی حەوت ڕۆژە بەنزینی حكوومی لە بەنزینخانەكان دابەش دەكرێ‌، ئێستە باج لەسەر هێنانی بەنزین هەڵگیراوە، ئەمەیش وایكردووە نرخی بەنزین هەرزان بێت.

ئەمڕۆ هەینی 24ـی حوزەیران، هۆگر رەفعەت خاوەنی یەكێك لە بەنزینخانەكانی هەولێرە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەنزین لە بازاڕەكان زۆر بووە، نرخەكەشی بەردەوام لە دابەزینە.

زیاتر گوتی، ئێستە نرخی لترێك بەنزین لە بەنزینخانەكەی ئێمە بە 790 دینارە و پێشبینیش دەكرێ‌ نرخەكەی هێشتە دابەزێت، ئەوەیش بەهاتنی بەنزینی بازرگانی كاریگەری دابەزینەكەی دیار دەكەوێت.

باسی لەوەش كرد، هەڵگرتنی باج لەسەر بەنزین كاریگەری زۆری هەبووە، پێشبینی دەكرێ‌ لە هەفتەی نوێ‌ ئەو كاریگەرییە بە تەواوی دەركەوێت و نرخەكەی هێشتە دابەزێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە بۆ نەهێشتنی بارگرانی بەسەر هاووڵاتییان بڕێكی زۆری بەنزین بە 800 دینار دابەش دەكات، هەروەها باجی لەسەر هێنانی بەنزین هەڵگرتووە و تەنیا حەوت دۆلاری بۆ هەر تۆنێك هێشتووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد