زیانەكانی كێڵگەی كۆرمۆر راگەیەنرا

:: AM:11:08:25/06/2022 ‌
دوای هێرشەكەی نیوەڕۆی دوێنێ‌ بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنووری شارەدێی قادركەرەمی سەربە چەمچەماڵ، ئێستە ژوورێكی ئۆپراسیۆن لە كێڵگەكە دەستی بەكار كردووە.

نیوەڕۆی دوێنێ‌ هێرشێك لەڕێی كاتیۆشا كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، دواتر بەرپرسانی حكوومی چوونە ئەو شوێنە بۆ دیاریكردنی زیانەكان، ئێستە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە بەردەوامە و زیانەكان دیاری كراون.

ژووری ئۆپراسیۆنەكان چالاكتر دەكرێتەوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرپەرشتی دەكات و دەستی بەكار كردووە
ئەمڕۆ شەموو 25ـی حوزەیران، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە"دەستی كەوتووە، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆڕ بەردەوامە، هێرشەكەی دوێنێ‌ هیچ بەربەستێكی بۆ كاركردن دروست نەكردووە.

باس  لەوەش كراوە، زیانەكانی هێرشەكە بۆ سەر كێڵگە دیاری كراوە، لە ئەنجامی هێرشەكەدا زیانی گیانی نەبووە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەكە بەردەوامە، هەروەها زیانە مادییەكان دیاری كراون.

روون كراوەتەوە، هەناردەكردنی گازی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە، هەروەها ژووری ئۆپراسیۆنەكان چالاكتر دەكرێتەوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرپەرشتی دەكات و دەستی بەكار كردووە.

ڕۆژی چوارشەم 22ـی حوزەیران لەڕێی چەند كاتیۆشایەك، هێرش كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر و هیچ زیانێكی نەبوو، نیوەڕۆی دوێنێ‌ جارێكی تر لەڕێی پێنج كاتیۆشا كێڵگەی كۆرمۆر كرایە ئامانج و یەكێك لە كاتیۆشاكان بەر وێستگەكە كەوت.

كۆرمۆر دەوڵەمەندترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان و عێراقە و كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی كاری وەبەرهێنانی تێدا دەكات، ماوەیەكە بەهۆی شەڕی ئۆكراینا و رووسیا بووەتە باسی گەرمی میدیا كە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە و لە ماوەی نزیكدا بەرهەمەكەی دەگاتە ئاستی هەناردە، بۆیە زۆر چاوی لەسەرە و نەیاریشی زۆرە.


وشە - رامیار جەواد