بەڕێوەبەری كردەوەگەلی لە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ رای دەگەیەنێت كە ئێستە هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە دووری 250-300 مەترن لە مزگەوتی نووری و منارەی حەدبا، لەو كاتەی هێزەكانیان هەوڵی دابڕینی پردی حەدیدی لە وێستگەی شەمەندەفەر دەدەن.
عەمید رووكن فارس رازی عەباس ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هێزەكانی عێراق بەردەوامن لە پاككردنەوەی ناوچەی قەزیب ئەلبان و یاریگە لە بەری راستی مووسڵ و ئەوان ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعشیان تێك شكاندووە.
لای خۆیەوە عەمید یەحیا زوبێدی گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتیی كردەوەگەلی هاوبەش رای گەیاند كە هێزەكانی عێراق لە بەری راستی مووسڵ لە ناوچەیەكی چڕی دانیشتوان دەجەنگن و چەكدارانی داعشیش هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە وەك قەلغانی مرۆیی بەكار دێنن.
لەلایەكی تر دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەنگۆیەك بڵاو كرایەوە بەوەی داعش منارەی حەدبای مزگەوتی نووری لە بەری راستی مووسڵ تەقاندووەتەوە، موقەدەم عەبدولئەمیر حەمادی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزگەكانی كاردانەوەی خێرا رەتی كردەوە كە منارەكە تەقێندرابێتەوە، چونكە ئەوان لێوەی نزیكن و دەیبینن كە وەك خۆیەتی.
منارەی حەدبا یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییەكانی مووسڵ و مێژووەكەی بۆ سەتەی شەشی كۆچی دەگەڕێتەوە، واتە زیاتر لە نۆ سەتە و لەگەڵ مزگەوتەكەی لەلایەن نورەدین زەنكی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەنكی دروست كراوە
لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە.
بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن.