دوا پەرەسەندنەكانی جەنگی ئازادكردنەوەی رەقە

:: PM:07:57:29/03/2017 ‌
هێزەكانی سووریای دیموكرات رای دەگەینن كە ئەوان رێگەی نێوان هەردوو شاری رەقە و تەبەقەیان لە دەستی داعش دەرهێناوە، لەو كاتەی داعش چەند پێگەیەكی ئەو سوپایەی لە بەنداوی فوڕات لە باشووری رەقە بۆردمان كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات لە دوای جەنگێكی سەخت لەگەڵ داعش لە گەمارۆدان و دابڕینی داعش لە شاری تەبەقە لە دەشتی رەقە نزیك دەبنەوە، لەو كاتەی هەفتەیەكە هەڵمەتی سەربازی سووریای دیموكرات بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری تەبەقە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان دەساتی پێ كردووە. 

لەلایەكی تر هێزەكانی داعش ئەمڕۆ چوارشەم سەنگەرەكانی سوپای سووریای دیموكراتیان لە ناوچەی بەنداوی فورات لە باشووری شاری رەقە بۆردمان كرد لەو كاتەی ژمارەیەك ئەندازیار خەریكی كردنەوەی رێڕەوە ئاوییەكان بوون.

ئێستە خەڵكی شاری رەقە جیا لە هەڵاتن بەهۆی جەنگەوە، ئەوان لەبەر مەترسی رووخانی بەنداوی فورات هەڵدێن بەرەو دەشتاییەكان كە داعش رای گەیاند بەهۆی پچڕانی كارەباوە دەروازە ئاوییەكانی داخراون و مەترسی تەقینی لەسەرە.

لای خۆیەوە سیپان حەمۆ فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو بارەوە رای گەیاند كە 16-17 هەزار شەڕوانی ئەوان لە چوارچێوەی سوپای سووریای دیموكرات بەشداری لە جەنگی ئازادكردنەوەی رەقە دەكەن و پێشبینی ئەوەشی كرد كە چەنگەكە چەند هەفتەیەك بخایەنێت.

ئەو بەدووری نەزانی كە بەهەماهەنگی لەگەڵ رووسیا و هۆزە عەرەبییەكان و سوپای ئازاد بەشداری لە هێرشكردنە سەر شاری ئیدلب بكەن كە لەژێر دەسەڵاتی بەرەی فەتحولشامی سەر بە رێكخراوی قاعیدەیە.

لەلایەكی تر داعش بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانی لە رەقە نزیكەی هەزار شەڕوانی لە سەنتەری رەقەوە بەرەو دەشتایی ئەو پارێزگایە رەوانە كرد بۆ پێشگرتن لە پێشڕەوییەكانی سوپای سووریای دیموكرات كە بەم دواییە توانیان كۆنترۆڵی فڕۆكەخانەی تەبەقە و بەشێكی بەنداوی فورات بكەن. 

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لای خۆیەوە دووپاتی كردەوە كە داعش 900 چەكداری خۆی لە رەقەوە بەرەو بەرەكانی جەنگ لەگەڵ هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و سوپای سووریای دیموكرات و هێزە بژاردە عەرەبییەكان لە دەشتی رەقە رەوانە كرد.

بەم دواییە مارك تۆنەر گوتەبێژ بەناوی وەزارتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە واشنتن هەڵوێستی روونە بە رەوانەكردنی هێزەكانی مارێنز بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە جەنگ لە دژی داعش لە باكوری سووریا. 

هەر لەو ناوەشدا دوێنێ سێشەم پاڵپشتیی سەربازی زیاتری ئەمەریكا گەیشتە سوپای سووریای دیموكرات لە رێگەی دەروازەی سیالكای سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە ئۆتۆمبێلی سەربازی تیادایە و هێزی تایبەتی ئەمەریكایی هاوەڵی ئەوان دەكەن.

لەلایەكی تر هەواڵەكان باس لە ئامادەسازی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات دەكەن بۆ جەنگێكی سەخت لە باشووری عەفرین لە دەشتی باكوری حەلەب لەدژی هێزەكانی سەر بە دەستەی ئازادكردنەوەی شام.

سەرچاوە: ئەلحەل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل