بەمنزیكانە پارتی بڕیار لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەدات

:: PM:09:48:25/06/2022 ‌

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كشایەوە، گۆڕەپانەكە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چۆڵ بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی شوێنگرەوەكان سوێندی یاساییان خوارد، بەوەیش چوارچێوە بووە زۆرینە و ئەو حكوومەتی نوێ پێك دێنێت، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی وادەی ئاشكرابوونی هەڵوێستی حزبەكەی پێوەست بە پێكهێنانی حكوومەت دەكات.

مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامێكی پارتی دووپاتی كردەوە كە كەشوهەوای كۆبوونەوەكان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەرێنییە، هەفتەی داهاتوو بڕیاری رژد پێوەست بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ چوارچێوە و پێكهێنانی حكوومەت دەدرێت، روونی كردەوە، ئەندامە نوێیەكانی پەرلەمان هەڵوێستی چوارچێوەیان لە گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكانیتر بەهێز كرد، ئەوەیش رێگە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك بە بەشداری هەمووان خۆش دەكات. 
پارتی بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات و هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەدات
ئەمەو پێشبینی دەكرێت بەمنزیكانە گفتوگۆیەكی چڕ لە نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە بۆ لێكگەیشتن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەست پێ بكات.

پێوەست بەو بابەتەوە، شەریف سلێمان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، پارتی بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات و هەوڵ دەدات بۆ نەهێشتنی ناكۆكییە هەڵپەسێردراوەكانی هەن، دووپاتی كردەوە كە پارتی بایكۆتی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت ناكات و ناكشێتەوە، چونكە خاوەن دۆزێكە پێوەست بە مافی خەڵكی و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەو پەڕی ئارامییەوە چاوەڕوانی دەكەن.

روونی كردەوە، پارتی داوای مافەكانی هەرێم دەكات و كار بۆ كۆتاهێنان بە ناكۆكی و دۆسییە هەڵپەسێردراوەكان و جێبەجێكردنی دەستوور دەكات، بۆیە هەر لە سەرەتای پرۆسەی سیاسییەوە تا ئێستە یاریزانێكی كاریگەر بووە و بەردەوامیشە، بۆیە بەشداری لە گقتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین لەسەر بنەماكانی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و تەوافوق، بەشێوەیەك دەستوور بنەمای حوكم مامەڵەكردن بێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل