مونا یاقو سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان، له دیمانه‌ی "وشه''دا باس له دۆخی مافی مرۆڤ له هه‌رێم ده‌كات و داوا ده‌كات حكوومه‌تی هه‌رێم، زیاتر هاوئاهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ دهستهكهیاندا و پێی وایه دۆخی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به عێراق، زۆر باشتره و مایه‌ی دڵخۆشییه، هه‌رچه‌نده ده‌بێ زیاتر هه‌وڵ بده‌ن تا مافی هه‌موو چین و توێژه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، ئه‌و دژایه‌تیی خۆی بۆ ئه‌و یاسایه ده‌رده‌برێت كه ته‌مه‌نی 16 ساڵی بۆ هاوسه‌رگیریی ده‌ستنیشان كردووه و پێی وایه، هێشتا به منداڵ حیسابه و ده‌بێ به‌رز بكرێته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستاندا دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ به‌گشتی و منداڵان به‌تایبه‌تی چۆنه؟
دۆخی مافی مرۆڤ له‌و ئاسته‌دا نییه كه ئێمه چاوه‌ڕوانیمان ده‌كرد، به‌گشتی مرۆڤ له كوردستان مافه‌كانی به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر نییه، ئه‌وه لای هه‌مووان روونه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به هه‌موو توانا‌مان كار بۆ ژیانێكی شایسته بكه‌ین بۆ هاووڵاتییان و تاكی ئه‌م هه‌رێمه، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش له‌م هه‌رێمه مادام ئازادی هه‌یه و میدیا و بڵندگۆ و سه‌كۆی زۆر هه‌یه كه به‌ئازادی قسه بكه‌ین، ئه‌وا ئومێدیشمان هه‌یه كه مافی مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی جوان و تۆكمه بۆ هه‌مووان بێ جیاوازی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
كابینه‌ی نۆ تا چه‌ند هاوكاری دهستهكهتانه و خه‌مخۆری مافه‌كانی مرۆڤه؟
كابینه‌ی نۆ هاوكار و هاوئاهه‌نگن له‌گه‌ڵمان، به‌ڵام پێویسته ئه‌و هاوئاهه‌نگییه زیاتر و پته‌وتر بێت، به چاكسازییه‌كانی حكوومه‌ت ئێمه دڵخۆشین و ئه‌مه‌ش به‌شێكه له به‌رپاكردنی یه‌كسانی له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سته‌به‌ركردنی مافێكی شایسته‌ش بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێم، به‌دیهێنانی یه‌كسانی و مافی مرۆڤیش، ته‌نیا كاری ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ نییه، ده‌بێت هه‌مووان كار بۆ ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، به گشتی حكوومه‌تی هه‌رێم هاوكارمانه و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی هه‌یه بۆ ده‌سته‌كه‌مان و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه مافی مرۆڤ پارێزراو بێت.
ده‌بێت چی بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوان به‌رانبه‌ر به منداڵان و كارپێكردنیان له ده‌ره‌وه و رێگریكردن له به‌شوودانیان له خوار ته‌مه‌نی یاسایی؟
ئێمه به‌ته‌واوی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین منداڵ له كات و ته‌مه‌نی دیاریكراوی خۆیدا بچێته قوتابخانه و ببێته خوێنده‌وار، چونكه مرۆڤی خوێنده‌وار ده‌زانێ ماف و ئه‌ركی چییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌رچه‌نده ده‌ستووری عێراق به‌ناچاری سه‌پاندوویه‌تی كه منداڵ ده‌بێت له‌كاتی خۆیدا بچێته قوتابخانه، به‌ڵام ڕۆژانه ده‌بینین منداڵ له قوتابخانه ده‌رده‌هێنرێت و ده‌برێته سه‌ركار به زۆره‌ملێ، له هه‌مان كاتدا زۆر ته‌مه‌نی كه‌مه و ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره، له‌باره‌ی كاركردنی منداڵ، ده‌بێت ته‌مه‌نی یاسایی منداڵ دیاریكراوه و هه‌ندێك كار به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه و كوردستانیش پابه‌نده به ڕێككه‌وتنی جیهانی مافی منداڵ.
له‌باره‌ی هاوسه‌رگیریی منداڵه‌وه، من وه‌ك ئافره‌ت و دایكێك، به‌ته‌واوی دژی ئه‌و یاسایهشم كه ته‌مه‌نی 16 ساڵی دیاریكراوه بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵكو ئه‌و ته‌مه‌نه زۆر كه‌مه و منداڵ ناتوانێت هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه هه‌ڵبگریت، به‌ڵكو ده‌بێت هان بدرێت بخوێنێت و ببێته كه‌سێكی خوێنده‌وار و خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ی گرفتی ئابووری هه‌م له ماڵی باوكی و هه‌م له ماڵی خۆی بۆ دروست نه‌بێت، له‌دوای جیابوونه‌وه‌شی گرفتی جۆراوجۆری بۆ دروست نه‌بێت.
بۆیه دووباره پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م كه ئه‌و ته‌مه‌نه هێشتا كه‌مه بۆ به‌شوودانی منداڵ و ئه‌و كه‌س و جێیانه‌ش كه له ده‌ره‌وه‌ی دادگا ماره‌بڕین ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و ته‌مه‌نانه، به توندترین شێوه پێویسته سزا بدرێن.
له كوردستان مافی كام چین زیاتر زه‌وت ده‌كرێت و له مه‌ترسیدایه؟
ئه‌سته‌مه چینێك دیاری بكه‌ین كه زۆرترین مافیان پێشێل كرابێت هه‌رله "منداڵ، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، ژنان، خانه‌نشین"، ئاگام له ئازار و گرفتی هه‌موویان هه‌یه و ده‌بێت ئاگامان لێیان بێت، به گشتی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ئازار و گرفتیان زۆره و یه‌كێكن له‌و چینانه‌ی كه ده‌بێت زۆرترین گرنگییان پێ بدرێت، چونكه ناتوانن كار بكه‌ن و مووچه‌یان كه‌مه و ناتوانن بژێوی په‌یدا بكه‌ن، وه‌ك پێویست خزمه‌ت ناكرێن و تووشی زۆر حاڵه‌ت و ده‌رده‌سه‌ری ژیان ده‌بن و ڕه‌نگه سه‌ر بكێشێت بۆ ده‌رۆزه‌یی و شتی تریش، بۆیه ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، پلانی تۆكمه‌مان هه‌یه بۆ خزمه‌تی هه‌موو چینه‌كان.
به‌راورد به عێراق، هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌ی پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر به مافه‌كانی مرۆڤ كه‌متره یان زیاتره؟
له‌باره‌ی دۆخی مافی مرۆڤ، بێگومان دۆخی هه‌رێم زۆر باشتره و به‌راورد ناكرێت به عێراق و ته‌واوی شاره‌كانی، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دۆخی ته‌ناهی له هه‌رێم زۆرباشه، بێگومان كاتێك دۆخی ته‌ناهی باش بێت، دۆخی مافی مرۆڤیش باش ده‌بێت، ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه زیاتر به‌ره‌وپێش بچین و ئه‌و وێنه جوانه‌ی كه هه‌یه لای نوێنه‌ر و كۆنسوڵی وڵاتان بیپارێزین.
به‌وردی چاودێری ده‌كه‌ین، به‌پێی حاڵه‌ته‌كه بڕیار ده‌ده‌ین و كار ده‌كه‌ین
ئێوه ده‌توانن چی بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی كه پێشێلكارییان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت؟
له‌كاتی رووداوه‌كاندا خۆمان به‌دواداچوون ده‌كه‌ین و هه‌ندێ كات به‌یاننامه ده‌رده‌كه‌ین یان ڕاپۆرتی له‌باره‌وه ده‌ده‌ین و به‌وردی چاودێری ده‌كه‌ین، به‌پێی حاڵه‌ته‌كه بڕیار ده‌ده‌ین و كار ده‌كه‌ین، هه‌ندێ كاتیش به نهێنی به‌دواداچوونی حاڵه‌ته‌كان ده‌كه‌ین و هه‌رچی له توانا‌مان بێت ده‌یكه‌ین بۆ حاڵه‌ته‌كان.
ڕێژه‌ی تاوان له كام ناوچه‌ی كوردستان زیاتره و له ته‌شه‌نه‌دایه؟
زۆر ئه‌سته‌مه جێیه‌ك دیاری بكه‌ین له هه‌رێم كه بڵێین شارێك یان شارۆكه‌یه‌ك زیاتره یان كه‌متره، به‌ڵام تاوان هه‌ر هه‌یه و به‌رده‌وامه، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و تاوانانه‌ی كه ڕوو ده‌ده‌ن، پێوه‌ندی به لایه‌نی ئابووری هه‌یه و هه‌ركات ئابووری هه‌ر گه‌لێك باش بوو، ڕێژه‌ی تاوان كه‌متر ده‌بێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سهلامهتتریش بوونی ده‌بێت.
سلێمانی\ئاسان محه‌مه‌د