وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی توركیا دەكات

:: PM:09:26:29/03/2017 ‌
سبەی پێنجشەم رێكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی توركیا دەكات و چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسی ئازادكردنەوەی شاری رەقەی سووریا و رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن سەركردەی ئۆپۆزسینی توركیا كە لە ئەمەریكایە، بكات.

ئەو سەردانە دەبێتە شەشەم سەردانی دەرەوەی تیلەرسۆن لەدوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە پێشتر سەردانی هەریەك لە مەكسیك و ئەڵمانیا و چین و كۆریای باشوور و ژاپۆنی كردبوو و یەكەم سەردانی گەورە بەپرسێكی ئەمەریكا بۆ توركیا دوای هاتنە دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمەریكا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی سەردانەكە رای گەیاند كە سەردانەكە گرنگی خۆی هەیە لە رووی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات بەتایبەتی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شاری رەقەی سووریا، هەروەها ئاماژەی كرد كە لەگەڵ توركیا تەنیا باسی پڕۆسەی گەمارۆدانی رەقە ناكەین، بەڵكو تاوتوێی دۆخی رەقەی دوای داعش دەكرێت.

ئاماژەی كرد كە ئەم سەردانە دیپلۆماسییە لە باڵاترین ئاستدا لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ توركیا لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن ترەمپەوە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لە رووی هاریكاریی نێوانیان لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعشدا.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت هەنگاوەكانی ئەم دواییەی پەیەدە و هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ یەپەگە، یەكێك بێت لە بابەتە سەرەكییەكانی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ توركیا.

بێجگە لەوەش پرسی رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن نەیاری سەرسەختی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كە ئێستە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، بەشێك دەبێت لە وتوێژەكانی ئەمەریكا و توركیا كە تا ئێستەش مایەی گرژی نێوانیانە.

سەرچاوە/ ئەنادۆڵو


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل