چیك هاوكاری كشتوكاڵی پێشكه‌شی هه‌رێم ده‌كات

:: PM:09:30:29/03/2017 ‌
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ چیری شیر بریكاری وەزیری كشتوكاڵی كۆماری چیك و شاندێكی باڵای بازرگانی یاوەری و بەڕێوەبەری بازرگانیی كۆمپانیای تراكتۆری زیتۆر كۆبۆتەوە.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، لەكۆبوونەوەكەدا پڕۆژەی تراكتۆری زیتۆری چیكی باسی لێوەكراوە و بریاردراوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا رێكەوتننامەیەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چیك واژوو بكرێت و پڕۆژەكە بە سێ قۆناخ ئەنجام بدرێت.

لەهەواڵەكەدا هاتووە، لەقۆناغی یەكەمدا بریار دراوە بە كڕینی چەند نموونەیەكی ئەم تراكتۆرە و پێدانی بە جووتیاران بە نرخی گونجاو بە پاڵپشتی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دواتریش دروست كردن و بەرهەمهێنانی تراكتۆر.
 
لەكۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكراوە لەسەر بەرهەمهێنانی بنەتۆی باوەڕپێكراو لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و چیك كراوه‌ته‌وه‌، ئەمە وێڕای دابینكردنی(30) كورسیی خوێندنی باڵا بۆ كارمەندانی وەزارەت بە پێی پێویستیی پسپۆڕییەكان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم