دەستەی كارگێڕیی یانەكانی كوردستان ناشەرعین!

:: PM:03:17:27/06/2022 ‌
عه‌بدوڵڵا كه‌ریم *

لە رۆژانی رابردوو له‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان، دوو پانێل له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوون، كه‌ وای تێگەیشتم لەسەر ئیدارەی یانە وەرزشییەكانی هەرێمە، ئیدارەی یانەكان تا ئەمڕۆش لە وێرانیدان، هیچ سیمایەكی ئیدارەیان تێدا نییە، دەكرێ بپرسین بۆ؟

 لەبەر ئەوەی دەستەی كارگێڕیی یانەكان ناشەرعین، چونكه‌ هەڵبژێردراوی ناو دەستەیەكی گشتیی ناشەرعین، هەروەها دەستەی كارگێریی یانەكان بێ چاودێری و رەقیبی دەستەی گشتین، كە دەسەڵاتە بەرزو بالاكەی ناو یانەیە.

دەستەی كارگێڕیی یانەكان دەسەڵاتی جێبەجێكردنن، بەرپرسە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی دارێژراو و پەسندكراو لە لایەن دەستەی گشتییەوە، هه‌روه‌ها دەستەی گشتی چاودێرە لە بەدەستهێنانی ئامانجەكانی یانەو هەموو كاروبارە ئیداری و داراییه‌كان، یانە دەبێ بە پێی یاسا و پێرەوی ناوخۆ و لەوائیحی رێكخستن كاروبارەكانی به‌ڕێوه‌ ببات، ئه‌مه‌ش لە ناو یانەكانی كوردستاندا هەر بوونی نییە، واتا ئیدارە هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ و بەقودرەتی قادر دەڕوات بەڕێوە، بۆیه‌ پێم وایه‌ ئەمه‌ ئەوپەڕی وێرانییە.

پاشان بێنەوە سەر ئەسڵی بوونی یانەی وه‌رزشی، یانە هەمیشە بنەما و بنچینەیە بۆ بنیاتنانی وەرزشوان، ئێسته‌ یانە بۆنەتە بنەما و بنچینە و تێكدانی یارییە وەرزشییەكان، جگە لە یاریی تۆپی پێ نه‌بێت.

یانە دەزگه‌یەكی پەروەردەیی زۆر گرنگە، سوودی گشتی دەگەیەنێ، یانە كار دەكات لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێدانی لایەكانی رۆشنبیری، كۆمەڵایەتی، جەستەیی وەرزشوانان و لاوان، ئه‌مه‌ش له‌ یانه‌كانی ئێمه‌دا بوونی نییه‌!

یانە دەبێ خۆی كاروبارەكانی خۆی بەرێوە ببات لە میانەی دەستەی كارگێری و دەستە گشتییەكەی، بێ ئەوەی هیچ و كەس و لایەنێكی حزبی و حكوومی ده‌سته‌وه‌ردانی تێدا بكات، چونكە یانە كیانێكی سەربەخۆیە، یاسا ئەو رێگەیەی پێداوە، یانەكان لێرەش خۆیان سەربەخۆیەتی خۆیان نەپاراستووە، چونكە سەرۆك و دەستە كارگێرییەكان لەو ئاستەدا نین و لاوازن.

 ئینجا بابێینەوە سەر وەرزش بە گشتی، زانا و شارەزاكانی بواری وەرزشی بەو دەقە دەڵێن (السیاسه‌ تفسد، والریاچه‌ تصلح ما تفسده السیاسه‌)، واتە سیاسەت گەندەڵی و تێكدان بەرپا دەكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت تێكی ده‌دات، وه‌رزش چاكی دەكاتەوە).

بەڵام لە هەرێمی ئێمەدا، دەسەڵاتداران و بەرپرسانی وەرزشی بۆ مەرامی گەندەڵی و گیرفانپڕكردنی خۆیان، وەرزشیان بردووه‌ته‌ ناو سیاسه‌ت، خۆیان سیاسەتیان راكێشاوەتە ناو وەرزش، سیاسەت و حزب و دەوڵەت هەمیشە پالپشتی وەرزشن، نەك دەستتێوەردان، ئەمەش بۆ سیمای حزب و دەوڵەت و حكوومەت باش نییە، بەڵام هاوكاری و پاڵپشتیكردنیان لە وەرزش ئەو پەری سەروەرییە بۆ خۆیان بە گشتی.

ئێسته‌ چونكه‌ وەرزش براوه‌ته‌ ناو سیاسەت، لێپرسینەوە نییە، رۆژانە بە درۆ و فێڵ، ملیۆنان دینار لە خەزێنەی حكوومەتی دەردەچێ بۆ وه‌رزش، به‌ڵام بەشی زۆری بەفیرۆ دەڕوات و هیچ به‌رهه‌مێكیشی نییه‌. 

 وه‌رزشوانی دێرین *


وشە - وشه‌