یانه‌ی ئینتەرمیلانی ئیتالی، پێشنیارێکی نوێی یانه‌ی پاریس سان جێرمانی رەت کردەوە بۆ گواستنەوەی میلان شکرینیاری بەرگریکاری یانه‌كه لە میرکاتۆی ئه‌م هاوینەدا.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتالی بڵاوی كرده‌وه، یەكەم ئۆفەری سانجێرمان بۆ شكرینیاری به‌رگریكار، بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بووە، بەڵام یانه‌ی ئینتەر رەتی كردەوە.
یانه‌ی ئینته‌ر نرخی 70 ملیۆن یۆرۆی دیاریی كردووه بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له میلان شکرینیاری بەرگریکاری سلۆڤاکی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سان جێرمان ئۆفەرێکی نوێی پێشکەش بە ئینتەرمیلان کردووە بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ، له‌گه‌ڵ پێدانی یاریزان جولیان دراکسلەر به یانه ئیتالییه‌كه وه‌ك به‌شێك له گرێبه‌سته‌كه.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، ئینتەر ئۆفەری دووەمیشی رەتکردووەتەوە، چونکە ئەوان ده‌یانه‌وێت لە گرێبەستی شکرینیاردا ته‌نیا پارەکە بەدەست بهێنێت.
ئینتەر لە هاوینی ئەمساڵدا هەوڵدەدات دەستکەوتی ماددی لە مێرکاتۆدا بەدەست بهێنێت بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەی بڕیاره رێژه‌ی مووچەی یاریزانه‌كانی 10 بۆ 15% کەم بکاتەوە، بۆیە ئەنجامدانی گرێبەستی گۆڕینه‌وه‌ی یاریزانان، یارمه‌تی ئینته‌رمیلان نادات بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ی و ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنێت.