میلیشیاكان خۆیان ئاشكرا دەكەن.. پەیامی هێرشە مووشەكییەكانیان چییە؟

:: PM:06:40:27/06/2022 ‌

رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، كورد و سەركردایەتییە سیاسییەكەی بۆچی هەنگاو و پلانی ستراتیجیان دیار نییە؟، وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە كە پلانی گەورە هەیە، بەڵام دوژمن زۆر و بەهێزە، مووشەكبارانی دواییش باشترین بەڵگەیە بەوەی ئەوان درێغی لە لەناوبردنی هەر هیوا و خواست و پلانێكی كورد ناكەن، ئەوان دڵنیان لەوەی كورد جیاوازە و ململانێكانی لە سنووری عێراق نییە، بەڵكو ململانێیەكی كۆنە لەگەڵ نەتەوە دراوسێ و مافخۆرەكانییەتی، جیا لەوە كورد بۆی بگونجێت زۆر لەوان باشتر دەكات و شكست و بێ پلانی ئەوان دەردەكەوێت، هەروەها كورد نەتەوەیەكی ژیاندۆست و ئازادیویست و حەزی لە بەیەكەوەژیانە، بۆیە كوردستان بووەتە و دەبێتە مۆڵگەیەكی شارستانی.

ئەوەی میلیشیاكان راستەوخۆ دەیكەن و ئەوانەیشی لەپشتیانن، نوێترین وەرزی چیڕۆكی  نەیاری هەمیشەیی و بەردەوامە لە دژی كورد، ئەم وەرزە بۆ سەرەتاكانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی بۆ مانگی شوبات، كە لەو مانگە چەند گۆڕانكارییەك روویان دا و لێكەوتەیان هەبوو و هەرێمی كوردستان هاتە ناو باسەكە، رووسیا هێرشی كردە سەر ئۆكراینا و پرسی قەدەغەی سەر غازی رووسی بووە ئامرازێكی ئەو شەڕە، ئەوكات كورد وەك مافێكی رەوای خۆی دەستی بە جموجۆڵ كرد بۆ بوون بە بەشێك لە سیستمی غازی دنیا، بە سوودبینین لەو هەلەی هاتووەتە پێش، هەر لەو مانگە دادگای فیدراڵی عێراق دەستی بە نەیاریی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان كرد، بۆیە هەركاتێك كوردستان، وەك قەوارەیەكی دەستووری لە عێراق هەنگاوێكی گەورە و ستراتیجی نابێت، بەتوندی بەرپەرچ دراوەتەوە.
پەیامی كاتیۆشای میلیشیاكان خەریكە خۆی بەسەر هەموو دۆسییە ناوخۆییەكانی عێراق دەسەپێنێت
لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، پێگە و وێستگە نەوتی و غازییەكانی هەرێم دووچاری بۆردمانی مووشەكی و درۆنی راستەوخۆی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی ئێران دەبنەوە، بابەتەكە وای لێ هاتووە گرنگ نەبێت كێ ئەنجامی داوە، چونكە ناسراون، بەڵام گرنگ مەبەستی ئەوانە كە تێكەڵێكە لە گوشاری سیاسی بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڵوێستیان لە بەرانبەر پێكهێنانی حكوومەت لە عێراق، ئەوە لەسەر ئاستی نزیك، هەروەها بۆ رێگرتن لە هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی كەرتی غاز و چوونە ناو نەخشەی دنیایی وزە لەو رێگایەوە، بەتایبەتی كە خاوەن یەدەگێكی گەورەی غازە.

كۆتای هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەر یەك كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ مووشەكباران كرا، كەس بەرپرسیارەتی ئەو مووشەكبارانكردنەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام پەنجەی تاوان ئاراستەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كرا، هێرشەكان زیانیان نەبوو، بەڵام مانایەكی گەورە و مەترسیداریان گەیاند، دەستدرێژی ئەوجارەی میلیشیاكان لە دژی دۆسیەیەكی هەستیاری پێوەست بە هەرێمی كوردستان بوو، كە سەرچاوەی قووتی خەڵكەكەی و ئاوادەانكردنەوە و پڕۆژە ستراتیجی و ژێرخان و مانیەتی بە گەشاوەیی و جیاواز لە عێراق، ئەویش كردنەئامانجی كەرتی وزەی كوردستان بوو. 

بەرپرسانی هەرێم پێیان وایە مەبەستی ئەو هێرشانە گوشاركردنە بە ئاراستەی شكستهێنان بە پلانەكانی هەولێر لە پەرەپێدانی كەرتی نەوت و غاز لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان، كاتێك لە ماوەی سێ رۆژدا كێڵگەی كۆرمۆر، كە لەلایەن كۆمپانیای "دانە غاز"، كاری تیادا دەكرێت و خاوەن یەدەگی زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێی سێجایە، بە شەش مووشەكی كاتیۆشا كرایە ئامانج. 

بەپێی فەرماندە مەیدانییەكانی پێشمەرگە، مووشەكەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی ئێران دەهاوێژرێت، لەوانە عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی حزبوڵا و گرووپێكی تر كە خەڵكی خورماتوون و نوێ دامەزراوە، ئەوان كەمتر لە 25 كیلۆمەتر لە كێڵگەكەوە دوورن، جۆری مووشەكەكانیش، هەمان ئەو جۆرەن پێشتر لە بۆردمانكردنی هەولێر بەكار هێنراوە.

مەبەستێكی تری میلیشیاكان ترساندنی كۆمپانیا بیانییەكانە كە لەو كێڵگانە كار دەكەن، پێیان دەڵێن ئێمەیش هەین و دەتوانین ببین بە هەڕەشە، بۆیە دوور نییە مەبەستیان بەدەستهێنانی پشك و پارە بێت لەو كۆمپانیایانە بە هاوشێوەی هێرشكردنە سەر كاروانە لۆجیستییەكانی هاوپەیمانان لە باشوور، شارەزایان لەبارەی مەبەستی سەرەكیی ئەو هێرشانەوە دەڵێن، كردنەئامانجی پەرەسەندنی كەرتی غازی كوردستان، رەهەندێكی ناوچەیی هەیە، لەبارەی بوونی ناكۆكی لەگەڵ بەغدا لەبارەی میكانیزمی بەڕێوەبەردنی دۆسییەی وزە، چونكە ناكرێت بێزاریی تاران لە بوونی ركابەرێكی وەك هەرێم لە بواری غاز لە بازاڕەكانی توركیا و ئەوروپا بشاردرێتەوە، بۆیە بە كورتی پەیامی كاتیۆشای میلیشیاكان خەریكە خۆی بەسەر هەموو دۆسییە ناوخۆییەكانی عێراق دەسەپێنێت.     

كیفاح مەحموود، راوێژكاری پێشوو لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، میلیشیاكان دەیانەوێ بێنە ناو ململانێ لە دۆسییەی وزە، بەتایبەتی كاتێك هەرێم دەستی بە بەرهەمهێنانی غاز لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە كردووە، جیا لە دامەزراندنی كۆمپانیای تر بۆ بەرهەمهێنانی غاز لەو ئەمبارە زەبەلاحەی هەیەتی، كە چاوەڕوان دەكرێت غازی كوردستان كورتهێنانی عێراقیش پڕ بكاتەوە، ئەوەیش ئێرانی بێزارتر كردووە.

لەو كاتەی شاهۆ قەرەداخی، توێژەر دەڵێت، لە چوارچێوەی گوشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە بواری وزە و هەوڵەكانی بەربەستكردنی پەرەسەندنی بوارەكە، ئەو هێرشانە چاوەڕوانكراو بوون، ئەنجامدەرانی دیارن، زانراویشە ئەو میلیشیایانە ناتوانن سەربەخۆ ئەو كارە بكەن، چونكە هێرشەكە گورزێكی گەورەیە بۆ هەرێم، هاوكات حكوومەتی هەرێم بەنیازە دۆسییەی ئەو هێرشانە بكاتە ناودەوڵەتی، كاتێك مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم رای گەیاند كە ئەو بابەتەی بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەكییەكان لە هەرێم و بەغدا و دەرەوەیش باس كردووە.  

جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دەڵێت، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان چەند كۆمەڵەیەكی پێوەندیدار بە هەواڵگری توركیا كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكەن، كە راستییەكەی ئەوان هەر سەر بەخۆیانن، شبل زەیدی، ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی ئیمام عەلیش دەڵێت، هێرشكردنە سەر كێڵگە نەوتی و كۆمپانیاكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق گرێبەستیان هەیە و لە عێراق كار دەكەن، كارێكی تێكدەرانەیە و كردنەئامانجی ژێرخانی ئابووری وڵاتە، وێنەیەك پێشان دەدات بەوەی عێراق ژینگەیەكی دوورخەرەوەی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەرانە، لەو قسانەیش دیارە كە ئەنجامدەرانی هێرشەكە میلیشیاكانن و مەبەستی سەرەكیشیان هەڕەشەكردنە لە ژێرخانی وەزەی هەرێم و كۆمپانیاكانی لە هەرێم كار دەكەن.
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل