رۆناڵدۆ داوای شتێكی نامۆ لە نیمار دەكات

:: AM:09:18:30/03/2017 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بووەتە ئامانجی سەرەكی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

وارگەی (دیاریۆ گۆڵ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید ئامۆژگاری نیماری كردووە واز لە بیرۆكەی جێهێشتنی ئیسپانیا و یانەی بەرشەلۆنە بهێنێ.

بەگوێرەی سەرچاوەكە رۆناڵدۆ كە خۆی لەنێوان ساڵانی 2003 تا 2009 لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد یاریی كردووە، بە نیماری گوتووە كە چوونی بۆ نێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆڕد دەبێتە هۆی لەدەستدانی خەونی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ و باشترین یاریزانی جیهان.

رۆناڵدۆ هەروەها بە نیماری گوتووە بەمانەوەی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە هەلێكی بەهێزی دەبێت لە داهاتوویەكی نزیكدا خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان پێشتر بڵاویان كردبووەوە كە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد خۆی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نیمار كردووە و سەرۆكایەتیی ئەو كارانە دەكات كە یانەكەی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە هەنگاوی بۆ دەنێ.

مۆرینۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە نیماری گوتووە كە تا لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا بێت بەهۆی بوونی لیۆنێل میسی نابێتە ئەستێرەی یەكەم و بەڵێنیشی پێداوە رۆلێكی سەرەكی لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتدی پێ بدات و هەروەها بیكاتە ئەستێرەی یەكەمی خولی نایابی ئینگلیزی.

مۆرینۆ هەروەها ئامادەیی یانەی مانچستەر یونایتدیشی پێشانداوە بە پێدانی سەرجەم ئەو پارانەی كە یانەی بەرشەلۆنە وەك مەرج بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نیمار داوای دەكات كە بە 200 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.

بەڵێنیشی پێداوە كە مووچەكەی بكات بە دوو هێندەی ئەو مووچەیەی كە ئێستا لە یانەی بەرشەلۆنە وەری دەگرێت و ساڵانە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی سافی بداتێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م