بۆچی پەكەكە لە دژی كەرتی نەوت و غازی هەرێم و ئابوورییە سەربەخۆكەی كار دەكات؟

:: PM:10:55:27/06/2022 ‌

لە سەروبەندی هێرشە مووشەكییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، ژمارەیەك میدیا لەوانە نزیك لە پەكەكە، خوێندنەوەی خراپیان بۆ دۆخەكە كرد بەوەی هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی خراپی لەبارەی غازی سروشتییەوە پێڕەو كردووە و دژی وڵاتان وەستاوەتەوە، ئەوەیش دوای گرتنەوەی غازی  رووسیا لەسەر وڵاتانی ئەوروپی.

ئەو میدیایانە دۆخەكە وا وێنا دەكەن كە هەرێمی كوردستان تووشی زیانی گەورە دەبێت و هەرێم دژی ئێران بووە، بۆیە هێرشەكان بۆ سەر هەرێم بەردەوام دەبن، بەتایبەتی بۆ سەر كۆمپانیا نەوتی و غازییەكان، بەوەیش سەلماندیان كە وەك هەمیشە دژی هەرێمی كوردستانن و بەو ئاراستەیە كاریان كردووە و باسیان لەوە كردووە هێرشەكان پەیامی گەورەیان لە پشتەوەیە.
پەكەكە بڕوای بە پرسی نەتەوەیی و دەوڵەتی كوردی نەماوە و ئەجێندای دوژمنان جێبەجێ دەكات
پێوەست بەو بابەتە فەرید یەعقووب، سەرۆكی لیستی رافیدەین لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو مووشەكانەی لە ماوەی رابردوو ئاراستەی هەرێمی كوردستان كران و ئەوانەیشی ئاراستەی "دانا غاز" كران، بۆ هەر تاكێكی ئەم وڵاتە خراپە و بابەتێكە گرێدراوە بە سەروەریی عێراق، كە نەیتوانیوە وەك دەوڵەتێك مامەڵە لەگەڵ سەروەرییەكەی بكات و هەر لایەن و وڵاتێك بیەوێ دەتوانێت مووشەك ئاراستەی ناوچەكانی بكات، بۆیە ئەمە گرفتێكە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.

زیاتر گوتی، كاتێك هەر میدیا و راگەیاندنێك، لەناویاندا میدیاكانی پەكەكە، بە ئاراستەی خراپ كار بكات، مەترسییە و خراپە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە میدیاكان بە جۆرێك كار بكەن كە مەترسی بڵاو نەكەنەوە و هەوڵ بدەن دژایەتیی هەرێم لەو پرسە نەكەن، چونكە دواجار هەمووان لە دروستبوونی هەر دۆخێكی خراپ زیانمەند دەبن.

لای خۆیەوە بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە و سەركردایەتیی ئەو گرووپە، ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە بە درێژایی مێژووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوان دژی بوون و ئەویان نەشاردووەتەوە، ئەوان دژی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستانن و هیچ بڕوایان بە پرسی نەتەوەیی و دەوڵەتی كوردی نەماوە و ئەجێندای كەسانی تر جێبەجێ دەكەن، بۆیە هەمیشە لە ژیر كاریگەریی درۆ و پڕوپاگەندەی گەلانی تر دان، ئەو گەلانەی باوەڕیان بە مافەكانی كورد نییە.

روونی كردەوە، پەكەكە ناتوانێت گەلەكەی خۆی رزگار بكات، باسی مافی ئەوان ناكات و گەلی خۆی بە شیاوی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی و ئابووری سەربەخۆ نازانێت، سەرەڕای هەموو ئەوانەیش هاتووە كار بۆ بەرژەوەندیی گەلەكانی تر دژ بە هەرێمی كوردستان دەكات.

كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ پێی وایە لەو كاتەدا كە هەرێمی كوردستان هێرشی مووشەكی لەسەرە، پێویستە میدیاكان بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و خەڵك تووشی راڕایی و ترس و نیگەرانی نەكەن، ئەو بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە كە ناكرێ میدیا لە ناوخۆی هەرێم ببێتە هۆكاری ئەوەی خەڵك بكەوێت حاڵەتێكی خراپ، بەڵكو دەبێت ئاراستەی راگەیاندنەكان بە شێوەیەك بێت كە دژایەتیی هەرێمی تیادا نەبێت، چونكە دواجار هەمووان لە هەرێمین و زیان بۆ هەموو لایەك دەبێت.

"ئەو ئاراستەی هەندێك میدیا كردیان و دەیكەن، بە ئاشكرا دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەیەتی، بۆیە ناكرێت تۆ لە سەر خاكی هەرێمی كوردستان بیت و دەهۆڵ بۆ دوژمن بكوتی و وا بزانی كە ئەگەر دوژمن هات پارێزراو دەبیت"، كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل