برنجی تایلەندی گەیشت

:: AM:11:49:28/06/2022 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بڕێكی زۆری برنجی تایلەندی گەیشتووەتە عێراق، دوای ئەنجامدانی پشكنین بەسەر شارەكان دابەش دەكرێ‌.

عێراق بۆ بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، ئێستە پرۆسەی كڕینی خێرا كردووە، ئەوەیش بەهۆی ئەو تەنگژەیەی خۆراك بەرۆكی دنیای گرتووە، شەوی رابردووش بڕی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی گەیشتە باشووری عێراق.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی حوزەیران، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بڕی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی گەیشتە باشووری عێراق و بۆ بەشە خۆراكی مانگانە بەكار دێ‌.

لامع مووسەوی بەڕێوەبەری گشتی بۆ بازرگانی خۆراك رای گەیاندووە، ئێستە تیمێكی تەكنیكی شیكەرەوەی تاقیگە لە بەشی كوالێَتی كۆنترۆڵی كۆمپانیای خۆراك و بەشی كۆنترۆڵی بازرگانی، بەشێك لەو برنجە بۆ تاقیگەی ناوەندی كۆمپانیاكە لە بەغدا ناردووە.

باسی لەوەش كردووە، ناردنی ئەو برنجە بۆ تاقیگە بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی بۆ ئاشكراكردنی توانای بەكارهێنان و شیاوبوونی، هاوكات گونجانی لەگەڵ ئەو گرێبەستەی ئەنجام دراوە لەسەر كوالێتی برنجەكە.

روون كراوەتەوە، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشكنینی تاقیگە، ئەو بڕە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت، بەپێی پێویستی هەر پارێزگایەك، ئەمەیش لە چوارچێوەی بەشە خۆراكی مانگانە دەبێت.



وشە - رامیار جەواد