مانچستەر یونایتد رازی بووە دی خیا بدات بە ریال مەدرید

:: AM:09:39:30/03/2017 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی رازی بووە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڵپارێزە ئیسپانییەكەی دیڤید دی خیا بدات بە یانەی ریال مەدرید.

رۆژنامەی (ئیندیپێندت)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بۆیان روون بووەتەوە ناتوانن پارێزگاری لە مانەوەی دی خیا بكەن و بۆ ئەمەش بڕیاریانداوە ئاڵای سپی رۆیشتنی بۆ هەڵبكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ئەو گۆڵپارێزەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بكات و بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی كیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی یاریی پێ بكات.

لای خۆشییەوە یانەی مانچستەر یونایتد بڕیاریداوە لە شوێنی دی خیا، بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ سەمیر هاندانۆڤیچی گۆڵپارێزی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بكات.

ئەو گۆڵپارێزە سلۆڤینییە ئێستا بەیەكێك لە باشترین گۆڵپارێزەكانی ئەوروپا دادەنرێت و لە وەرزی ئەمساڵیشدا لەسەر دەستی ستیڤانۆ بیۆلی راهێنەری یانەی ئینتەر میلان 29 یاریی لە خولی پلە یەكی ئیتاڵیا ئەنجامداوە و باشترین ئاستیشی پێشكەش كردووە.

یانەی مانچستەر یونایتد هەروەها جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵیشی كردووەتە یەكێك لە پاڵێوراوەكان بۆ شوێنگرتنەوەی دی خیا، مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانیشی هاوڕێیەتییەكی بەهێزی لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەكە هەیە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م