مەسروور بارزانی پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق دەكات

:: PM:12:54:28/06/2022 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق كرد كە زۆرینەی یاریزانەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

ئەمڕۆ سێشەم 28 ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق كرد كە زۆرینەی یاریزانەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

سەرۆكی حكوومەت پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێكردن بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە سێیەم پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا، بۆ فوتساڵی خانمان كە لەمدواییانە لە عەرەبستانی سعوودی بەڕێوە چوو.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كە وەرزش جیا لە سوودە تەندروستییەكانی، ڕۆڵێكی گرنگیش دەبینێت لە ناساندن و ئاڵوگۆڕی كولتووری لە نێوان گەلانی دنیا. خۆشحاڵیشی پێشان دا كە هاوئاهەنگییەكی باش هەیە لە نێوان ئەندامانی هەڵبژاردەكە كە لە پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق پێكهاتوون و توانیان بەیەكەوە عێراق بەهێزتر بكەن.

 سەرۆكی حكوومەت گوتی، ئافرەتانی كوردستان وەك چۆن وەك پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو و دنیاشیان سەرسام كرد، ئەمڕۆش لە بواری وەرزشدا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە سەركەوتن و بە دەستهێنانی پلەی یەكەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق. 

لە بەرانبەردا فیراس بەحرولعلووم ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سەرۆكی شاند و ئەندامانی هەڵبژادەی فوتساڵی خانمان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیپێدان و پشتیوانی سەرۆكی حكوومەت لە وەرزش و وەرزشكاران دەربڕی .



وشە - رامیار جەواد