لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، ئەو هەڕەشانەی عێراق دەیكات، دڵنیایی دەدەین كە ئەو كارانە نەبوونەتە رێگر لە بەردەم كارەكانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەم 28ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بەرەو بەدامەزراوەیی و راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی دنیا، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تا دێت بەهێزتر دەبێت، هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی (نەوت و گاز و خزمەتگوزاریی نەوتی) و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی كاركردنیان لەهەرێمی كوردستان، بەڵگەی روون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیجییە سەركەوتووانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری نەوت و گاز پێڕەوی دەكات.
باس لەوەش كراوە، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە، بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لە كێڵگە و كۆمپانیاكانی نەوت و گازدا سەتان هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین كراوە.
روون كراوەتەوە، سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری كەرتی نەوت و شەفافییەت، لەم سێكتەرە گرنگەدا وایكردووە ناحەزانی گەلی كورد و كوردستانییەكان، چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لەپلانی دوژمنكارییانەدا بن، بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی مووشەكی، دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە مادە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە نەبوونی (یاسای نەوت و گازی حكومەتی عێراقی فیدراڵ ) بوو، بەوەی فشاریان لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز كردووە و داوایان لێ كردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن.
ئەوەیش ئاشكرا كراوە، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیپەكانی فیدراڵی و عەقڵی ئابووری و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا یەك ناگرێتەوە، ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەك هەر كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان نەكردووە، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێ نەكردووە لە كارەكانیان رابوەستن.
لە كۆتایی راگەیانراوەكەدا هاتووە، بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و دوژمنكارانە، پێشێلكارییەكی ئاشكرای رێساكانی پاراستنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە، ئەم هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراق و كوردستاندا نییە، ناوناوبانگی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە.