به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی ئاوی ته‌ماته‌ی هه‌ریر رای گه‌یاند، وه‌رگرتنی ته‌ماته له جووتیاران و به‌رهه‌مهێنانی ئاوی ته‌ماته ده‌ستی پێ كردووه، رۆژانه 50 تۆن ته‌ماته له جووتیاران وه‌رده‌گیرێت و 20 تۆنیش رۆژانه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌كه‌وێته بازاڕه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 28ی حوزه‌یران، شوان حه‌مید به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی ئاوی ته‌ماته‌ی هه‌ریر، بۆ "وشه" گوتی، ماوه‌ی نزیكه‌ی 15 رۆژه ده‌ستمان به وه‌رگرتنی ته‌ماته‌ی جووتیاران كردووه، كه له عه‌لوه‌ی هه‌ولێره‌وه جووتیار دێن ته‌ماته دێنن و لێیان وه‌رده‌گرین، به‌مه‌رجێك ته‌ماته‌كه گونجاو بێت بۆ ئاوه ته‌ماته.
نرخی ئاوی ته‌ماته‌ی كارگه‌ی هه‌ریر له بازاڕ كه‌متر ده‌بێت
روونیشی كرده‌وه كه رۆژانه 50 تۆن ته‌ماته وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مساڵ تێچووی به‌رهه‌مهێنانی ئاوه ته‌ماته زیاد بووه و ته‌نیا گازوایل به‌راورد به‌ساڵی ڕابردوو بووه‌ته دوو به‌رانبه‌ر، جگه له‌وه‌ش كارتۆن و قوتووش نرخه‌كه‌ی 30% زیادی كردووه.
دووپاتی كرده‌وه، به‌و جۆره‌ی كه تێچوویشی زۆر بووه، به‌ڵام نرخی ئاوی ته‌ماته‌ی كارگه‌ی هه‌ریر له بازاڕ كه‌متر ده‌بێت.
باسی له‌وه‌یش كرد كه رۆژانه ته‌ماته‌كه ده‌كه‌ینه ئاوی ته‌ماته و 20 تۆن ئاوى ته‌ماته به‌رهه‌م دێنن، "ماوه‌ی ھه‌فته‌یه‌كه ده‌ستمان به‌به‌رھه‌م كردووه و ھه‌فته‌ی داھاتوو ده‌یخه‌ینه بازاڕه‌وه".
یه‌كێك له پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیدانه به به‌رهه‌می ناوخۆ و له‌و رووه‌یشه‌وه كارئاسانی زۆری بۆ كارگه‌كان كردووه تا به‌رهه‌می ناوخۆی زیاد بكه‌ن.
وشه/ بڵند ئیبراھیم