كشانەوەی سەدر دەسەڵاتی رووسیای لە ناوچەكە زیاد كرد

:: PM:06:29:28/06/2022 ‌

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا موقتەدا سەدر بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق و كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی دا، چاودێران دەڵێن بەو هەنگاوەی دۆخەكەی گەڕاندەوە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێش هەشت مانگ، تا ئێستە وەڵامێكی رازیكەر لەبارەی هۆكاری كشانەوەی سەدر لە گۆڕەپانەكە نییە، ئەوەی هەیە لێكدانەوە و شرۆڤەیە، بەڵام كشانەوەی موقتەدا سەدر چۆن كاری كردە سەر ململانێی رووسیا و ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
نەبوونی كەسایەتییەكی دیار لە بەغدا تەواو ئەوەیە كە ئێران و رووسیا دەیانەوێت
ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"ی بەریتانی تایبەت بە بواری وزە لە راپۆرتێكیدا باسی سێ رووداو پێوەست بە عێراق دەكەن، كە لە ماوەی دوایی روویان دا و وایان كرد رووسیا لە ململانێی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی لەگەڵ ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە پێشەوە.

راپۆرتەكە دەڵێت، رووداوەكان بریتین لە كۆبوونەوەی سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و سەرانی سیاسی و سەربازی ئێران، لەوانەیش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران و دووەم كشانەوەی موقتەدا سەدر، وەك سەركردەی دیار و كردەنی لە عێراق، رەوتەكەیشی وەك فراكسیۆنی گەورە لە پەرلەمان، سێیەمیش رێككەوتن لەسەر نەخشەرێگەیەكی نوێی هاریكاری لە نێوان ئێران و عێراق.     

سەبارەت بە خاڵی یەكەم، بەر لە كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لە 2018، رووسیا سوودی لە سووككردنی سزاكانی سەر ئێران وەرگرت و بوونی خۆی لە ئێران بەهێزتر كرد، لە رێگەی چەندان گرێبەست لە كەرتی نەوت و وزەدا، جیا لە واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتن لە 22 خاڵ، كە پلانی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی غاز و ئاڵوگۆڕكردنی پترۆكیمیایی و گواستنەوەی تەكنۆلۆجیای تایبەت بە كەرتی پاڵاوگەكان، جیا لە گفتوگۆ لەبارەی بەكارهێنانی بەندەر و فڕۆكەخانەكانی ئێران لەلایەن رووسیا بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازییەوە. 

بەپێی راپۆرتەكە لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، پێوەندیی تاران بە پەكین و مۆسكۆ زۆر زیادی كرد و تەنیا ئەو رێككەوتن لێكتێگەیشتنانەی رابردووی نەگرتەوە، بەڵكو فرەوانكردنی هاوكارییەكەی بۆ لایەنی سەرباز گرتەوە، كە گفتوگۆیەكی چڕ لەبارەی پێدانی ئێران بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی مووشەكی ئێس-400 و فڕۆكەی پێشكەوتووی سوخۆی-35ی لە نێوانیاندا هەبوو. 

بەپێی راپۆرتەكە رووداوی دووەم پێوەست بوو بە كشانەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەر لە كشانەوەی ئەو خواستی پێكهێنانی یەكەم حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە دوای 2003دا هەبوو، ئەوەیش لە رێگەی هاوپەیمانیكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە.

سەرچاوەیەكی ئێرانی لەو بارەوە دەڵێت، كێشەی سەرەكیی سەدر ئەوەبوو ئەگەر لە هەوڵەكانی سەكەوتنی بەدەست هێنابوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەر بە ئێرانی لە بوونی وەك هێزێكی شەرعی دوور دەخستەوە، ئەوە ئێران و رووسیایش دەگرێتەوە، چونكە ئەو رقی لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكییە لە كاروباری عێراق، لەو كاتەی رووسیا لە 2017 دەسەڵاتی بەسەر كەرتی نەوتی هەرێم دروست كرد و چاوی لەوەیش بوو دەسەڵاتی لە باشووری عێراق فرەوان بكات، بۆ دروستكردنی یەك ناوچەی بەیەكبەستراوە لە ئێران و عێراق، بۆیە ئەگەر سەدر سەركەوتوو بوایە، ئەو پلانەی رووسیای تێك دەدا، ئێستەیش گەڕاینەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستمان پێ كرد، ئێستە هیچ كەسایەتییەكی دیار لە بەغدا نییە، ئەوەیش تەواو ئەوەیە كە ئێران و رووسیا دەیانەوێت. 

سێیەم رووداو بڕیتییە لە دانانی نەخشەرێگەیەكی نوێی هاریكارییە لە نێوان عێراق و ئێران، ئەوەیش لە سایەی نەبوونی سەركردەیەكی دیار لە بەغدا، بۆیە تاران بەپەلە چەند پرەنسیپێكی سەرەكی بۆ هاریكاریی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا راگەیاند، كە یەكێك لە گرنگترین ئامرازەكانی مسۆگەركردنی وزەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە كۆنترۆلكردنی تۆڕی دابەشكردنی وزە، نەوەك تەنیا وەزەی كارەبا، بەڵكو نەوت و غازیش، بۆیە ئەو بیرۆكەیە تەوەری سەرەكیی هەموو پلانەكانی دوایی ئێران بووە، ئەوەیش بە پاڵپشتی تەواوەتی كرملین.

راپۆرتەكە لە كۆتاییدا دەڵێت، ئەو نەخشە رێگایە نوێیە چەند لایەنێكی بەیەكبەستراوەی دیاری لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ژمارەیەك دەستەوارە كە لە نێوان ئەلیكسەندەر نۆڤاك، جێگری سەرۆكی رووسیا و گەورە بەرپرسانی ئێران لە ئایاری رابردوو گفتوگۆی لەسەر كراوە، كە پڕۆژەكانی وزە و كشتوكاڵ و گواستنەوە و هاریكاریی زیاتر لە بوارەكانی دارایی و كەرتی بانكی و نەوت و غاز و پترۆكیمیایی و وزەی ئەتۆمیش لەخۆ دەگرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل