لەشی مرۆڤ لە ژمارەیەك كۆئەندام پێكهاتووە، كە بەیەكەوە كار دەكەن و فەرمانەكانی لەش و جووڵانەوە و كاردانەوەی لەگەڵ دەوروبەری دیاری دەكەن، ئەو كۆئەندامانە لە ژمارەیەك شانە و ئەندام و خانە پێكهاتوون، ئێسك بەشێكی گرنگی لەشە و لەگەڵ ماسولكە و بەستەر و جومگەكان چەند فەرمانێكی گرنگیان هەیە، یەكێك لە نیشانەكانی چوونە ناو تەمەن
پووكانەوەی ئێسكە، لە خوارەوە پێنج نیشانەیە لەسەر ئەوە حاڵەتە.
1-ئازاری پشت، لەو حاڵەتە چڕی و بەهێزیی ئێسكی لەش كەم دەبێتەوە، بەوەیش مەترسی شكان و دروستبوونی ئازاری پشت بەهۆی لاوازیی ئێسكی بڕبڕەكان و زیادبوونی پەستان لەسەریان زیاد دەكات، بۆیە ئازار دروست دەكەن، لە هۆكارەكانی پیری و گۆڕانكاری لە ئاستی هۆرمۆنەكان، وەك لە ژن لە دوای وەسیتانی سووڕی مانگانە و لە پیاو بەهۆی كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، جیا لە كێشە لە رژێنی دەرەقی و زۆر خواردنی وزەبەخشەكان.
كوڕبوونەوەی پشت و شكانی ئێسكی مەچەك و حەوز لە نیشانەكانن
2-گۆڕانكاری لە باڵای مرۆڤ، كەمبوونەوەی باڵای مرۆڤ بۆ ئاستێكی كەم ئاساییە، بەڵام ئەگەر كەمبوونەوەكە زۆر و جێی تێبینی بوو، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ تووشبوون بە پووكانەوەی ئێسك.
3-كوڕبوونەوەی پشت، دوو نیشانەی بینراوی ئەو حاڵەتە هەن، گۆڕان لە دیمەنی دەرەوە و لەدەستدانی بەرزی باڵا، رەنگە بەهۆی پەستان و لاوازی و بوونی شكانی بچووكی بڕبڕەكانی پشت، تووشی لاربوونی بڕبڕەی پشت بێیتەوە.
4-وەستانی سووڕی مانگانەی زوو، پزیشكان دەڵێن ژنان بەهۆی وەستانی سووڕی مانگانە زیاتر مەترسی تووشبوونیان لەسەرە، ئەو كاتەی بڕی پێویستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین نییە، ئێسك خێراتر لێكهەڵدەوەشێت.
5-شكان، وەك ئێسكی حەوز و مەچەك و بڕبڕەی پشت، نیشانەیەكی سەرەتاییە بۆ ئەوەی چڕی ئێسك كەم بووەتەوە.