چۆن دەزانی دڵت لە مەترسیدایە؟

:: PM:08:26:28/06/2022 ‌

دڵە نۆرە، حاڵەتێكی مەترسیدارە و تیایدا یەكێك لە خوێنبەرە تاجییەكان، واتە ئەوانەی خوێن بۆ ماسولكەكانی دڵ دەبەن، تووشی گیرانی تەواوەتی و كتوپڕ دەبنەوە، یان كاتێك هاتوچۆی خوێن تیایاندا سست دەبێت، هەندێك نیشانەی تووشبوون بەو حاڵەتە هەن كە مانگێك زووتر بەدیار دەكەون، لەوانە ئازاری سك یان پشت.
رەنگە ببێتە هۆی مردن و لەناوچوونی بەردەوامی ماسولكەكانی دڵ
لە هۆكارەكانی تووشبوون بە دڵە نۆرە، مەینی خوێن لەناو خوێنەبەرە تاجییەكان یان تەسكبوونەوەیانە بەهۆی رەقبوونی دیواریان، بۆیە گیرانیان كار دەكاتە سەر ناوچەیەكی دیاریكراو یان چەند ناوچەیەكی ماسولكەكانی دڵ، بەوەیش توانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێن كەم دەبێتەوە و رەنگە ببێتە هۆی مردن و لەناوچوونی بەردەوامی ئەو ماسولكانە.  

د. ساتیر زیجیان سیوی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ دەڵێت، بوونی ئازار لە سك و پشت، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ مەترسی تووشبوون بە دڵە نۆرە، ئەو نیشانانە بە ماوەیەكی درێژ بەر لە تووشیبوون دەردەكەون.

روونی كردەوە، ئەو نیشانانە، واتە ئازاری پشت و سك، رەنگە نیشانەی تریشیان لەگەڵدابێت، وەك هەستكردنی بە نیگەرانی و شەكەتی و كەمبوونەوەی بەرگەگرتن و ئازاری سنگ و ئارەقەكردن و ناڕێكی لێدانی دڵ و هەناسەتەنگی و هیتریش. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل