تویتەكەی سەدر چۆن كار دەكاتە سەر كاندیدی سەركۆمار؟

:: PM:09:59:28/06/2022 ‌

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، بەتوندی هێرشی كردە سەر بەرهەم ساڵح، سەركۆماری عێراق بەهۆی واژوونەكردنی یاسای بەتاواندانانی ئاساییكردنەوەی لەگەڵ ئیسرائیل، بە كارێكی شەرمەزارانەی لەقەڵەم دا، بۆیە لەو كارەی بێبەرییە و پەشیمانە لە كاندیدكردنی بۆ ئەو پۆستە لەپێشتر و دوای ئەوەیش، بەڵام قسەكانی سەدر چۆن دۆخەكە دەگۆڕن؟

بەپێی دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی پێوەست بە كاندیدی سەركۆمار، كە دەبێت تا 15ی مانگی داهاتوو یەكلای بكەنەوە، هەردوو حزب لەسەر كاندیدی خۆیان سوورن، بەوەیش دۆخەكە بەرەو هەمان سیناریۆی 2018 دەچێت، واتە هەردوو حزب كاندیدی خۆیان دەبەنە ناو پەرلەمانی عێراق و لەوێ یەكلا دەبێتەوە.
عەباس زاملی: هەڵوێستی بەرهەم ساڵح رەتكراوەیە
سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، یەكێتی داوای بەپەلەی لەلایەن سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بەدەست گەیشتووە بۆ كۆتاهێنان بە تەنگژەی نێوان موقتەدا سەدر و بەرهەم ساڵح و گۆڕینی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەركۆمار.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەو داوایەی چوارچێوە پێش تویتەكەی سەدریش هەبووە، كاتێك چوارچێوە رای گەیاندووە كە پاڵپشتی لە كاندیدی یەكێتی بۆ سەركۆمار دەكات، بەو مەرجەی كاندیدێكی تەوافوقی بێت لەگەڵ پارتی، چونكە نایەوێ پارتی و سەرۆك بارزانی لەدەست بدات.   

لای خۆیەوە عەباس زاملی سەرۆكی فراكسیۆنی "فەتح"، لە پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، هەڵوێستی بەرهەم ساڵح رەتكراوەیە و ناكرێت بەرژەوەندی تەسك پێڕەو بكرێت، بۆیە ئەو هیوای تێپەڕاندنی لەناو پەرلەمان لەدەست دا.

لەو كاتەی عەلی بەیدەر، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، موقتەدا سەدر كارتی بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمار سووتاند، كە پێ دەچێت لە قۆناغی داهاتوودا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەر كەسێك بكات كە لێی رازی نییە یان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك بێت، عیسام فەیلی، توێژەری سیاسی دەڵێت، تویتەكەی سەدر شانسی بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمار لەبار برد، جیا لەوەی چوارچێوەی خستە هەڵویستێكی شەرمەزارییەوە كە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دادەنێت.

روونی كردەوە، تویتەكەی سەدر هەڕەمەكی نەبوو، بەڵكو دوای دزەكردنی بوونی رێككەوتنێك بووە لە نێوان یەكێتی و پارتی بەوەی بە دوو كاندید بچنە ناو دانیشتنی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی سەركۆمار، بۆیە تویتەكە چوارچێوەی خستە هەڵوێستێكی نەخوازراوەوە كە بەنیازە دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدات، لەوكاتەی چەند جارێكە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەكاتەوە.

فەیلی دووپاتی كردەوە، بۆیە سەدر ئەو هێزانەی خستە هەڵوێستوەرگرتن، ئێستە چانسی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمار لاواز بووە و ئەگەری گۆڕانی بە كاندیدێكی هاوبەش هەیە، یان بڕیاری تاوانباركردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەردەكات، كە ئەوانەیش سەركەوتنێكیسیاسین بۆ موقتەدا سەدر، ئەگەرچی لە پرۆسەی سیاسی كشاوەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل