فۆڕمی نوێی دامەزراندن بڵاو كرایەوە

:: AM:09:36:29/06/2022 ‌
لە فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر ئاستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، هەفتەی داهاتوو فۆڕمی دامەزراندن پڕ دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵدا هاتووە، لیژنەی باڵای وەزاری پێكهاتوو دەستبەكار دەبێت، بەمەبەسی پاڵاوتن و وەرگرتن و زانیاری كەسی لە دەرچووانی دانەمەزراو لە بەشەكانی كشتوكاڵی و فێتێرنەری، كە خواستی كاركردن و سەرپەرشتیارییان هەیە بەپێی (بڕوانامە، پسپۆری، ساڵی دەرچوو، ئەزموون).

باس لەوەش كراوە، ئەم پرۆسەیە لە سێی تەمووز دەست پێ دەكات تا یەكی ئاب بەردەوام دەبێت، لە هەمان كاتدا سەرجەم فەرمانگە پێوەندیدارەكانی وەزارەت، هاوئاهەنگی و ئامادەكاری دەكەن بۆ دانانی بەرنامەی خولی شیاندن و ڕاهێنان بەشێوەی تیۆری و كردەنی و ئامادەكردنی گرێبەستی كاركردن، جێگیركردنی ئەرك و مافەكانی سەرپەرشتیاران بەپێی ئەو میكانیزمانەی كە دانراوە، هەنگاو بەهەنگاو لە چوارچێوەی یاساكە و رێنوێنیی ئامادەكراو.

ئەو كەسانەی سووودمەندی ئەو دامەزراندنە دەبن، بریتین لە دەرچووی بەشەكانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری، بەپێی شوێنی جیۆگرافی و نیشتەجێبونی خۆیان، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بكەن، بۆ‌ پێدانی زانیاری لەلایەن ئەو لیژنەیەی كە سەرپەرشتی تۆماركردنی ناوەكان دەكات.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە كارنامە ستراتیجییەكانی گەشەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵ، كە دەرفەتی كار و سوودمەندبوون بۆ هەزاران دەرچوو دەڕەخسێنێ، دەبێتە وەچەرخانێكی بەهێزی بووژانەوەی داهاتی تاك و خێزان لەرێی سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت.



وشە - رامیار جەواد