دوای بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نەهێشتنی باج لەسەر هێنانی بەرهەمە خۆراكییەكان و ئارد بەتایبەتی، ئێستە نرخی ئارد روو لە دابەزین كردووە و پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخەكەی دەكرێ.
بەهۆی ئەو تەنگژەیەی دنیای گرتووەتەوە لە كەمبوونەوەی خۆراك، نرخی بەشی زۆری پێویستییە خۆراكییەكان گران بووە، ئاردیش لە بازاڕەكانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو نرخەكەی بەرز بووەتەوە، حكوومەت بڕیاری هەڵگرتنی باجی داوە، ئێستە نرخەكەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەڵام ئەو باجەی هەبوو ئێستە نایدەین، ئەوەیش وایكردووە نرخەكەی لەناوخۆ دابەزین تۆمار بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، زێبار رەئووف بازرگانی هاوردەكردنی ئاردە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە لابردنی باج لەسەر هێنانی ئارد، بازرگانان دەستكراوەتر بوونە لە هێنانی و ئێستە نرخەكەی دابەزینی لە ناوخۆدا تۆمار كردووە.
زیاتر گوتی، راستییەك هەیە لە ئاستی دنیا و لە بازاڕەكانی دەرەوە، نرخی ئارد هەر گرانە، بەڵام ئەو باجەی هەبوو ئێستە نایدەین، ئەوەیش وایكردووە نرخەكەی لەناوخۆ دابەزین تۆمار بكات.
باسی لەوەش كرد، پێشتر ئەگەر فەردەیەك ئاردی پلە یەك بە 50 هەزار دینار بوو، ئێستە دابەزیوە بۆ 48 هەزار یان 47 هەزار دینار، ئەمەیش كاریگەری زۆری لەسەر نانەواخانە و سەموونخانەكان هەیە.
سەرەتای ئەم مانگە بە بڕیارێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری هەڵگرتنی باجی لەسەر بەرهەمە خۆراكییە پێویستییەكان دەركرد، ئاردیش یەكێك بوو لەو بەرهەمانەی كە باجی لەسەر هەڵگیرا.