خاوەن قەرزەكانی سلێمان هەڵشۆیی هەڕەشە دەكەن

:: AM:11:23:29/06/2022 ‌
خاوەن قەرزەكانی كەیسی سلێمان هەڵشۆیی هۆشداریی توند دەدەن، ئەوەیش بەهۆی چارەسەر نەبوونی كێشەكە و ئازادكردنی.

ڕۆژی دووشەم سلێمان هەڵشۆیی دوای مانەوەی بۆ ساڵێك بە كەفالەت ئازاد كرا، ئێستە خاوەن قەرزەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كێشەی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت.

 ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، بەشێك لە خاوەن قەرزەكانی كەیسی سلێمان هەڵشۆیی، گرد بوونەوە و داوایان كرد كار بكرێت بۆ گەڕانەوەی مافەكانیان.

گردبوونەوەكە لە شارۆكەی ڕانیە بوو و رایان گەیاند، هیچ گرەنتییەك نییە كە مافەكانیان لای ئەو تۆمەتبارەیە وەری بگرنەوە، بۆیە ئەگەر لایەنە پێوەندیدارەكان بەئەركی خۆیان هەڵنەستن، كێشەی كۆمەڵایەتیی لێ دەكەوێتەوە.

ڕۆژی دووشەم سلێمان هەڵشۆیی بە كەفالەتی 155 ملیۆن دینار كە لەلایەن شەش كەسەوە كەفالەت كراوە ئازاد كراوە، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش گوتی، ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەركراوە، چونكە كەیسەكەی دانەخراوە، بەڵكو قۆناغێكی كەیسەكەی بە ئەنجام گەیشتووە، بەڵام قۆناغی تری كەیسەكانی وەك خۆی ماوە.

سلێمانی هەڵشۆیی بەهۆی وەرگرتنی پارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و دواتر راگەیاندنی مایەپووچبوونی، دەیان كێشە دروست بوو و دواجار لەلایەن پۆلیس گیرا و تا ئێستە كەیسەكەی بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد