بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی سوێد و توركیا دوێنێ لە پەراوێزی لوتكەی ناتۆ، كردوویانە، بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی توركیا لە بەرانبەر رازیبوون بە ئەندامیەتی سوێد لە هاوپەیمانییە سەربازییەكەدا، زۆرینەی خاڵەكان دژی كوردن، بە تایبەت لە توركیا و سووریا.
فەرهمی كاكەیی كەسایەتیی ناسراوی كورد لە سوێد، دەقی رێككەوتنەكەی كردووە بە كوردی كە لە رۆژنامەی Aftonbladet وەریگرتووە.
ئەمە دەقی خاڵەكانی رێككەوتنەكە:
• هاوکاریی تەواو لەگەڵ تورکیادا لە شەڕی دژ بە پەکەکە و لایەنە پێوەندیدارەکانی.
• پێشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ تورکیادا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانی.
• پابەندبوون بە پشتگیرینەکردنی ڕێکخراوەکانی پەیەدە / یەپەگە و فێتۆ. ئەمەی دووایی لەلایەن تورکیاوە بۆ لایەنگرانی بزووتنەوەی گولەن بەکار دەهێنرێت.
• دوورکەوتنەوە لە سنووردارکردنی گەمارۆ لە پیشەسازیی بەرگری و زیادکردنی هاوکاری.
• دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوکاریی ستراکتۆری بۆ هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان.
• گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی تیرۆریست و ڕێکخستنی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی.
• قەدەغەکردنی چالاکی کۆکردنەوەی پارە و دامەزراندنی کارمەند بۆ پەکەکە و لقەکانی و ڕێکخراوە میحوەرییەکانی و بەدواداچوونیان.
• بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە دژی تورکیا.
دوای شەڕی رووسیا دژ بە ئۆكراینا، دڵەڕاوكێ وڵاتانی سوێد و فینلەندی گرتەوە، بۆیە بە پەلە كەوتنە هەوڵدان بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، بەڵام توركیا بە ئاشكرا دژی هەردوو وڵات وەستایەوە و هۆكارەیشی پشتیوانی و دەرفەتدانە بە كورد لەو دوو وڵاتە ئەوروپاییە.
دواجار دوێنێ لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكی فینلاند و سەرۆك وەزیرانی سوێد كۆبوونەوە و دواتر رێككەوتنیان راگەیاند، وەك لە ناوەرۆكی رێككەوتنەكەدا دەردەكەوێت، زۆرینەی خاڵەكانی دژی كوردە.