ئەمڕۆ بەرلەوەی دووەمین رۆژی كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ لە مەدرید دەست پێ بكات، سەرۆكی ئەمەریگا لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ناتۆ دووقوڵی كۆ بوونەوە و سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، هێزەكانمان لە ئەوروپا زیاتر دەكەین لە 20 هەزار سەربازەوە بۆ 100 هەزار سەرباز.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 29ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، لە دوای كۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ناتۆ یەنس ستۆلتنبرگ، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان بەست و تێیدا بایدن رای گەیاند، بەهۆی ئەو جەنگەی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە، ئێمە هێزە سەربازییەكانمان لە ئەوروپا لە 20 هەزار سەربازەوە بۆ 100 هەزار سەرباز بەرز دەكەینەوە.
بایدن زیاتر گوتوویەتی، سەنتەری فەرماندەیی ئەمەریكی لە پۆڵەندا دوو فرقەی شەڕوان لەو وڵاتە بڵاو دەكاتەوە، جیالەوەی ژمارەیەك فڕۆكەی "ئێف 35" دەنێرێتە بەریتانیا، جیالەوەی بنكەی دەریاوانیی ئەمەریكی لە ئیسپانیا، لە چوار بنكەوە بۆ شەش بنكە بەرزتر دەكاتەوە، ئەویش وەك ئامادەكارییە بۆ ئەو جەنگەی پوتین لە دژی ئۆكراینا بەرپای كردووە.
لە بەرانبەردا ئەمینداری گشتیی ناتۆ لەبارەی بەرزكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا رای گەیاندووە، دڵخۆشین كە ئەمەریكا هێزەكانی لە ئەوروپا وەك ژمارە و توانایش بەرزتر دەكاتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمەریكا رژدە لە بەرگریی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
دووپاتی لەوەش كردەوە كە دەرگەكانی ناتۆ هەمیشە بە كراوەیی دەمێننەوە بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانانی. وەك ئاماژەیەك بۆ رووسیا كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ ئەو دەرگایانە دابخات.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.