پارەیەكی زۆر دەگاتە سلێمانی

:: PM:01:44:29/06/2022 ‌
وەزارەتی تەندروستی رای دەگەیەنێت، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەو پارەیەشی حكوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆلێرا دابینی كرد دەگاتە سلێمانی.

بڵاوبوونەوەی كۆلێرا لە سلێمانی وایكردووە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بەردەوام لەو شارە سەرقاڵی كاروباری هاووڵاتییان بن. بریكاری وەزارەتی تەندروستی رای دەگەیەنێت، ئەو پارەیەی حكوومەت دابینی كردووە دەگاتە سلێمانی.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، رەهێڵ فەرەیدوون بریكاری وەزارەتی تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەو پشكنینانەی كراون بۆ ئاوی ماڵان، دەركەوتووە سەرجەمیان پاكن، تەنیا ئاوی ئەو شوێنانە نەبێت لەڕێی تانكەر و بیری نایاسایی بۆیان هاتووە.

زیاتر گوتی، ئەو پارەیەی حكوومەت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆلێرا دیاری كردبوو، دەگاتە سلێمانی و ڕێكارە ئیدارییەكانی تەواو دەبێت، دواجار نووسراوەكە لە وەزارەتی دارایی بوو.

باسی لەوەش كرد، ئێستە تووشبوون بە كۆرۆنا بەرز بووەتەوە، لەو پشكنینانەی دەكرێ‌ 15%ـی هەڵگری ڤایرۆسەكەن، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان زیاتر هۆشیاربن و ئەوانەی خۆیان نەكوتیوە، بچن ڤاكسین وەربگرن، ئەوانەشی دوو دۆزیان وەرگرتووە دۆزی سێیەمیش وەربگرن.



وشە - رامیار جەواد