لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای نەوت و گاز پەسند كرا، بەپێی یاسا نوێیەكە گۆڕانكاری لە بڕگەیەك كراوە بە زیادكردنی ئەندامێك بۆ ئەنجوومەنەكە.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان پەسند كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا بە دەنگی 79 پەرلەمانتار، هەمواری یاسای ئەنجوومەنی نەوت و گاز پەسند كرا.
پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ژمارە10ی خولی بەهارەی ئەنجام دا و لە تەوەری یەكەمی دانیشتنەكەدا، هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لە بارەوە كرا و دواتر بە 79دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پەسند كرا.
ئەنجوومەنی نەوت و گاز لەلایەن سەرۆكی حكوومەت سەرۆكایەتی دەكرێ و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانییە و چەند وەزیرێكیش ئەندامی ئەنجوومەنەكەن، بەپێی هەموارە نوێیەكە ئەندامێك بۆ ئەو ئەنجوومەنە زیاد دەكرێ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، ساڵی 2008 دەخرێتە دەنگدان كە پڕۆژەیاساكە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە.