هازارد بەرپەرچی ریال مەدرید دەداتەوە

:: AM:10:12:30/03/2017 ‌

ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێَڵسی ئینگلیزی بە لێدوانێكی رۆژنامەوانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بێ هیوا كرد كە ماوەیەكە هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دەدات.

یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی گرێبەستكردنی لەگەڵ هازارد كردووەتە یەكەمی كارەكانی وەرزی داهاتووی.

لەمبارەیەوە هازارد لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ ماڵپەری یانەی (چێڵسی) گوتی: خێزان و منداڵەكانم لە شاری لەندەن هەست بە ئارامی دەكەن، بۆیە لەبەر ئەوان یانەی چێڵسی جێناهێڵم.

زیاتر گوتی: رەنگە لە داهاتوودا بگەڕێمەوە بەلجیكا و لەوێ ژیان بەسەر ببەمەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەنگاوێك نانێم و بەڵكو هەر لە ئینگلتەڕا دەمێنمەوە.

هازارد بۆ یەكەمجار لە هاوینی 2012 لە یانەی لیلی فڕەنسی پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە كرد و لەو ماوەیەشدا تا ئێستا 237 یاریی بۆ یانەكە لەسەرجەم پاڵەوانەتییەكاندا ئەنجامداوە و 66 گۆڵیشی تۆمار كردووە.

ئەو هێرشبەرە بەلجیكییە لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی چێڵسی پێشكەش كردووە و لە كۆی 26 یاریی لە خولی نایابی ئینگلیزیدا 11 گۆڵی تۆمار كردووە، هەروەها یانەكەشی تاڕادەیەكی زۆر لە بەدەستهێنانی ناسناوەكە نزیك بووەتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م