دوای سێ سەعات ئاگری دارستانی مووسڵ كۆنترۆل كرا

:: PM:06:20:29/06/2022 ‌

ئەمڕۆ ئاگر لە چەند ناوچەیەكی دارستانەكانی مووسڵ لە بەری چەپی ئەو شارە كەوتەوە، سەرچاوەیەكی تەناهیش دووپاتی كردەوە كە دوای سێ سەعات لە گڕگرتن، توانرا كۆنترۆل بكرێت و ئاگرەكە بكوژێندرێتەوە.
13 تیمی ئاگركوژێنەوە جیا لە تانكەر و ئامێرەكانی شارەوانی شارەكە خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوون
بەپێ سەرچاوەكە تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیویانە دوای سێ سەعات لە كەوتنەوەی، ئاگرەكە كۆنترۆل بكەن، بەو هۆیەوە زیانێكی گەورە بە دارستانەكە كەوت، كە بە تاكە سی مووسڵ وەسف دەكرێت، شایەتحاڵەكان ئاماژە دەكەن ئەوان تێبینیان كردووە ئاگر هاوكات لە چەند ناوچەیەك كەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە ئاگر لە چەند ناوچەیەكی دارستانی گەورەی مووسڵ لە بەری چەپی شارەكە كەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە تیمەكانی بەرگری شارستانی بەپەلە چوونەتە ئەوێ و هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكانیان داوە، بەپێی راگەیاندنی بەرگری شارستانیش 13 تیمی ئاگركوژێنەوە جیا لە تانكەر و ئامێرەكانی شارەوانی شارەكە خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوون.   

لای خۆیەوە موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، سووتاندنی دارستانی مووسڵ كارێكی بەمەبەست و پلان بۆ داڕێژراوە لەلایەن چەند لایەنێك بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر خاكەكەی و دابەشكردن و فرۆشتنی وەك زەوی نیشتەجێبوون.

روونی كردەوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی خۆجێتی پارێزگاكە بەپەلە دۆسییەی لێكۆڵینەوە لەو ئاگركەوتنەوە بكاتەوە و تێوەگلاوان ئاشكرا بكات و بیانداتە دادگا، داوا لە خەڵكیش دەكەین دەست بە چاندنەوەی دار لە دارستانەكە بكەن بۆ رەوانەكردنی پەیامێكی ناڕەزایی بۆ ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل