یەكەم رۆژی جەژنی قوربان دیاری كرا

:: PM:08:12:29/06/2022 ‌

لە ئاینی ئیسلامدا جەژنەكان لەسەر بنەمای بینین مانگەوە دیاری دەكرێن، لەوانەیش هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربان، ئەمڕۆ سعوودیە، بینینی هیلالی مانگی زیلحیجەی راگەیاند، واتە سبەی پێنجشەم دەبێتە یەكەم رۆژی ئەو مانگە و 9ی تەمووز دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان.

دوای ئەوەی دادگای باڵا لە سعوودیە داوای لە موسڵمانانی ئەو وڵاتە كردبوو، بۆ چاودێریكردنی بینینی هیلالی مانگی زیلحیجە لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بینینی مانگیان راگەیاند، بەوەیش سبەی یەكەم رۆژی ئەو مانگەیە و شەموو 9ی مانگی تەمووزی داهاتوویش دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، هاوكات لە8ی تەمووز حاجیانی ماڵی خوا لە كێوی عەرەفات دەوەستن.  

ئەمە و هەریەك لە هەرێمی كوردستان و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق لە دوو بەیاننامەدا بینین هیلالی مانگی زیلحیجەیان راگەیاند، بەوەیش سبەی پێنجشەم دەبێتە یەكەم رۆژی ئەو مانگە و شەموو 9ی تەمووزی داهاتوویش دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان.

لای خۆیەوە هەر ئەمشەو نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف رای گەیاند كە سبەی تەواوكەری مانگی زیلقەعدەیە و هەینی 1ی تەمووز دەبێتە سەرەتای مانگی زیلحیجە، بەوەیش یەكەم رۆژی جەژنی قوربان دەكەوێتە یەكشەم 10ی تەمووزی داهاتوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل